چەند گۆڕانکارییەک لە مۆڵەتی شۆفێریدا دەکرێن

بڕیارە بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، چەند گۆڕانکارییەک بکرێت، بەشێک لەو کەسانەی مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەکەن، وانەی ھاتوچۆیان پێ دەخوێندرێت، ھەروەھا شێوازی مۆڵەتدانیش یەک دەخرێت.

عەقید ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم رایگەیاند، بڕیارە لیژنەی رێکخستنەوەی سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، لە ھەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە، گوتیشی: “گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی دانانی سیستمێکی نوێی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری و دەرکردنی چەند راسپاردە و رێنماییەک بۆ ئەو بابەتە”.

روونیشی کردەوە، ھەندێک ئاستەنگیان لەبەردەمدایە، بەڵام ھەوڵ دەدەن کێشەکان چارسەر بکەن و گۆڕانکاری لە سیستەمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریدا بکەن.

بەرپرسەکەی ھاتوچۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ‌ئێستا پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە سەرجەم پارێزگاکان جیاوازە، بەڵام ھەوڵ دەدەن لە ‌داھاتوودا ئەو سیستمە یەک بخەن و بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، گوتی: “لە ھەولێر سیستەمی ناسراو بە کۆری جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە ھەندێک پارێزگا و شاری دیکەدا، سیستەمەکە کۆنە و لەگەڵ ئێستا ناگونجێت”.

بەپێی ئامارەکانی ھاتوچۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار کەس مۆڵەتی شۆفێرییان لە کوردستاندا ھەیە.

لە لایەکی ترەوە، کاروان محەمەد سدیق، گوتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی رای گەیاندووە، وانە بەو کەسانە دەگوترێتەوە، کە مۆڵەت تازە دەکەنەوە، گوتی: «بڕیار دراوە ئەو کەسانەی بە سیستمی کۆن مۆڵەتی شۆفێرییان دەرھێناوە، واتە لەپێش ساڵی ٢٠٠٥ەوە، پێویستە کاتێک بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان سەردانی ھاتوچۆی سلێمانی دەکەن، دوو وانەی ھاتوچۆیی لەناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆدا بخوێنن، کە وانەکان لەلایەن مامۆستایانی نووسینگەکانی شۆفێرییەوە دەگوترێنەوە، دوای خوێندنی ئەو دوو وانەیە، مۆڵەتەکانیان نوێ دەکرێنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، خوێندنی ئەو دوو وانەیە بەبێ بەرامبەرە و مەبەستیش لێی ئاشناکردنی شۆفێرانە بە سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری و بڕیارەکەی ھاتوچۆی سلێمانیش کەوتە بورای جێبەجێکردنەوە.

Back to top button