سەرۆک بارزانی و کۆڕبەندی ئابووری ئوردن لە رووانگەی ستراتژی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا

راپۆرت:شەماڵ بۆکانی

لە کۆتایەکانی بەشی یەکەمدا بۆمان دەرکەوت ، کۆڕبەندی ئابووری ( ئوردن ) بە پێی تێگەیشتنی کەسایەتی سیاسی بەرێوە ناچێت و کۆبوونەوەکانی نوێنەرانی عەرەب و ئیسرائیل ، هەروەها سەرۆک بارزانی و خاوەندارێتی دیپلۆماتی نیۆکۆنەکان لە پەڕاوێزی کۆنفرانسەکەدا کار بۆ داهاتوویەک دەکات کە ( کورد ) دیسان فاکتەری سەرەکییە لەم پرۆسەدا، واتە پرۆسەی دوای داعش و گووشار بۆ سەر ئێران کە دیسان کورد و سەرۆک بارزانی دەبنەوە فاکتەری سەرەکی لە نێوان ئێران ئەمریکا و سعوودیا و ئوردن”.

پرسیار لێرەوە سەر هەڵدەدات ، کۆڕبەندی ئابووری ستراتژی ئوردن بە پێی پلانی نیۆکۆنەکان و ماسۆنییەت و ئیسرائیل چ ڕەهەندێکی تری سەبارەت بە ململانێی وڵاتانی ناوچەیی لە خۆیدا حەشار داوە ، وا بارزانی بۆتە هەرەمی یەکلا بوونەوە ؟؟
بۆ تێگەیشتن لەم باسە، کۆدەکانی تری سیاسەتی نەتەوە دەوڵەتی فەڕەنسا لە دژی پلانەکانی دەوڵەت ئایینی بەریتانیا باس دەکەیین ، واتە دەبێت لەوەش تێبگەیین بۆچی ئوردن بوو بە جەمسەرێکی بەرێوەچوونی پلانەکانی ماسۆنیەت و نیۆکۆنەکان و بەم شێوە گرینگی بە سەرۆک بارزانی دەدرێت .
هەروەها دەبێت بزانین سەرەڕای تێگەیشتنی سەرۆک بارزانی لە پلانی دابەشبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هۆکار چ بوو لە سەر ویستی ئەمریکا کە پەی وابوو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017 دا کاتەکەی گونجاو نییەو دەبێت دووا بخرێت ، بارزانی بۆ دووای نەخست ؟

بە ئاشکرا کردنی ئەم پرسیارانە کۆدە نهێنیەکان ئاشکرا دەکەیین و باشتر بۆمان روون دەبێتەوە کە بۆچی سەرۆک بارزانی بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا لە کۆڕبەندی ئابووری ستراتژی ئوردندا .

لە پلانەکانی ناوچەییدا بە پێی پرۆسێسی خاو، بەریتانیا پێوەندی نهێنی بە سعوودیاوە هەیە ، بەریتانیا هەرچەند نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای شیعیزم دەکات بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەبێت نێوان جەمسەری ماسۆنیەت کە شانشینی ئوردنەو ، نیۆکۆنەکان بەکاری دێنن ، دەبێت پێوەندییەکی پتەوی بە شانشینی سعوودیاوە هەبێت کە هەرەمی جیهانی ئیسلامە ، ئەویش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە لە کاتی پێویستدا ، سعوودیا لە دژی ناوەندی کرداری نیۆکۆنەکان کە شانشینی ئوردنە بە کاری بێنێت ، چوونکە بەریتانیا لە دوو نهێنی باش تێگەیشتووە ، یەکەم ئەوەیکە ، نیۆکۆنەکان لە بەرنامەیان دایە ئەگەر ئێران نەڕوخێت دەبێت ( سعوودیا لە پێشدا دابەش کەن کە بەشێکە لە پێشنیاری ئوردن ) بۆیەش عەرەبستانی سعوودی وا بە ئاشکرا لەگەڵ ئەمریکا خۆی ڕێک دەخات .

دووهەم کێشەی مێژوویی نێوان عەشیرەی هاشمی ئوردن کە بە ئەسڵ مەککەیی و حیجازین ولە بەر ناکۆکی لە گەڵ عەشیرەی قوڕەیش و رێڕەوی وەهابییەت بە زۆرە ملی ڕاگوێزراون بۆ ئوردن ، باشترین ڕێکارە بۆ پەرە پێدانی ناکۆکی نێوان دوو وڵاتی سووننە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی شیعیزم کە خۆی ڕێبەرایەتی دەکات ( واتە بەریتانیا ) ، هەر بۆیەش کورد بە تایبەت سەرۆک بارزانی لە لایەن سعوودیا و ئوردن گرینگی تایبەتی پێ دەدرێت ، چوونکە کورد لەم جیوگرافیا سیاسی و ئایینیەی تەیدا هەڵکەوتووە دەتوانێت خاڵی یەکلاکەرەوەبێت لە بەشی ئاین و نەتەوەدا کە دوو پلانی بەهێزی بەربەرەکانی فەرەنسا و بەریتانیا ئەژمار دەکرێت .

واتە پلانەکەی سعوودیا پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ بارزانی دەرخەری ئە راستیەبوون کە سعوودیا لە دژی ئوردن دەیویست بارزانی بکاتە هاوپەیمانی خۆی ، بۆیەش بە نیاز بوو هەرێمێکی سووننە بە موسڵەوە دامەزرێنێت و بارزانی واز لە سلێمانی بێنێت.

لە هەمانکاتیشدا سیاسەتی بە کانتۆنی کردن و بە فدرالیزە کردنی ناوچە کە پلانی بەرتانیایە جێ بەجێ بکات و بیکاتە گۆپاڵێک لە سەر ئوردن ، بەڵام بارزانی هەمووی ئەمانەی خوێندبۆوە ، بۆیە سەرەرای بانگهێشت بۆ سعوودی و ئوردن ڕێزگرتنێکی تایبەتی لەشێوەی شانشینی ، بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردی بەلاوە گرینگتر بوو .

لە کاتی بڕێوە چوونی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیش ، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ، ئەمریکا داوای لە سەرۆک بارزانی کرد ، ڕیفراندۆم بۆ کاتێکی تر ڕاگرن بەڵام بە پێی تێگەیشتنی ئێستاکە ، ئەمریکا نیازی دژایەتی کوردی نەبوو ، ئەی هۆکار چ بوو ، بۆ سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا ڕایگەیاند ، ئەوە نەتەوەی کوردە بڕیار دەدات و تەنیا ئەمریکاو وڵاتان نێن کە بڕیار بۆ ئێمە دەدەن .

ئیستا دەرکەوت ئەمریکا بە نیاز بوو تا کۆبوونەوەکانی ئەمساڵی ئوردن ، ڕیفراندۆم بەرێوە نەچێت ، چوونکە پلانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی تیرۆریستی ئیسلامی ئێرانی دارشتبوو ، واتە ئەگەر لە کاتێکدا سوپای پاسداران و هەموو گرووپ و ئەو ریکخراوانەی لەو کاتەدا هێرشیان کردە سەر هەولێر لە لیستی ( تیرۆریستی ) ئەمریکا دابایەن ، هاوپەیمانان دەیانتوانی وەک شەڕی دژی تیرۆریزم لە سوپای پاسداران و حەشدی شەعی بێنە دەست ، کە بێگوومان بیرۆکەیەکی هەرە ئەرێنی بوو ، بەڵام ئاخۆ بارزانی لەم پلانە ئاگادار کرابۆوە ؟؟

لە هەر دووک حاڵەتدا ، واتە ئاگادار بووبێت یان نەبووبێت ڕیفراندۆمی سەر بەخۆیی کوردستانی هەر بەرێوە دەبرد ، هەرچەند دڵنیام ئاگادار بووە ، بەڵام بۆ گێڕانەوەی کەسایەتی و خاوەن خوێنی شەهیدان لە داهاتووی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم بڕیارە پێویست بوو .

دووهەم ئەوەیکە ئەمریکا جێگەی متمانە نەبوو ، سێهەم ئەوەیکە ئەم ئیرادەیەی بارزانی وای کرد ئەمریکا هێزی پێشمەرگەو کوردستان وەک تەنیا شەڕکەرێک چاو لێ نەکات ، چوونکە بارزانی لەی ڕوون بوو لە هەرئەگەرێکدا بە پێی خوێندنەوەی سیاسەتی ستراتژی نیۆکۆنەکان و ئیسرائیل ، هەر وەها ناکۆکی نێوان ئوردن و سعوودیا کورد بە هەموو پێوەرەکان دەبێتەوە فاکتەری دابەشبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ، بۆیەش بە تێگەیشتنی من پاڵپشتی هێزەکانی کوردی ڕۆژئاوا سەرەرای ئەوەی چەندین جار پشتیان لە ئەمریکا کرد ، دەرخەری خوێندنەوەی دروستی سەرۆک بارزانییە لە نێوان سیاسەتی ئەمریکا و کورد دا .

ئێستا سەرەرای تێپەڕینی خوێندنەوەکان کە گووتمان کۆڕبەندی ئابووری ئوردن کۆبوونەوەیەکی ئابووری ستراتژییە ، هەر زوو دەرکەوت دیسان دووای کۆبوونەوەکان ، سوپای پاسدارن چووە لیستی تیرۆریستی ئەمریکاوەو هەڵێنجانی نەوتی ئێران گەیشتە ئاستێک لە ناو وڵاتانی ( ئۆپێک ) دا لە ئاستی چووارەم بێتە خووار و کوێت جێگەی بگرێتەوە .

ئەوەی گرینگی تایبەتی بۆ سەرۆک بارزانی هەیە تێگەیشتن لە پلانەکانی ( بی و سی ) نیۆکۆنەکانە ، واتە لە ئەگەری فەشەل هێنانی پلانی ( ئەی ) کە دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە بە ئێرانیشەوە ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەبێت هەموو ناوچە بە کوردستانیشەوە بکەوێتە شەڕێکی خوێناوی لە شێوەی شەڕی خاچەکان .
ئالێرەدایە تێدەگەیین کە هەرێمی کوردستان و بارزانی بۆ ئەوەندە گرینگی بە پێکەوە ژیانی ئایینەکان وئیتنیەکانی ناو کوردستان دەدەن وەک ئاسووری کەلدانی و سریانی و بە گشتی مەسیحیەکان ، چوونکە پاراستنی ئەوان دوو کەوان لە خۆ دەگرێت.

یەکەم ئەوەیکە پێکەوە ژیان و ڕیزگرتن کەلتووری پڕ شانازی کوردە و دەبێت بە شانازی ، شانازیتر بخوڵقێت .
دووهەم بە پێی خوێندنەوەی سیاسەتی دووا رۆژ پاراستنی ئەوان ، دڵنیایی پاراستنی گەڵی کوردە و ناوی پیشمەرگە نەک تەنیا وەک پارێزەرێکی کورد ناو دەردەکات ، دەبێتە پارێزەری مرۆڤایەتی و جیهان خۆی دەبێتە لۆبی کورد لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئێستاشەوە .

لە کۆتاییدا دەبێت تیبگەیین لەوەی نووسەرو لیکۆڵەری کوردیش دەتوانێت بە خوێندنەوەیەکی زانستی ستراتژی ، کەسایەتیەکانی خۆی بەرێتە ئاستی هەرە ناودارەکانی جیهان و شانازی بۆ مێژووی خۆی تۆمار بکات .
بۆیەش لە دووای چەندین مانگ لێکۆڵینەوە گەڕان و پشکنین و شرۆڤەی ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەیی جیهانی ، گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی ( سەرۆک مەسعود بارزانی ) پێناسەی نەتەوەی کوردە لە هەموو جیهان و دەتوانین لە دیپلۆماسیەتی جیهانیدا ئەم کەسایەتیە بکەینە سەرچاوەی گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە سەر بەخۆیی کوردستانە .

Back to top button