پوتین: چیتر ناتوانین بە فریای ئێرانەوە بچین, رووسیا تیمی فریا گوزاری نیە هەموو كات بە فریایی بچێت

 

دوای ئەوەی ئەمریكا ژمارەیەك سزا بەسەر ئێراندا سەپاند, ئێران رایگەیاند كە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپا دەكشێتەوە, سەرۆكی رووسیا دووپاتیكردەوە، پێویست بوو ئێران لە رێككەوتنی ئەتۆمی بمێنێتەوە، دۆخەكە هەرچیەك بوایە نەدەبوو لەو رێككەوتنە بكشێتەوە، چونكە دواجار لە داهاتوودا هەموو لایەك ئەوە لەبیر دەكەن كە سەرەتا واشنتن لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوە و هەموو تۆمەتەكان دەخەنە ئەستۆی تاران.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەلێكساندەر ڤان دێر بیلن، هاوتا نەمساوییەكەی هاتوون و گوتی: “لەكاتی دانوستانەكانمان لەگەڵ هاوبەشە ئێرانییەكانمان چەندین جار گوتوومە، بەڕای من دۆخەكە هەر چییەك بێت پێویستە ئێران لە رێككەوتنەكە بمێنێتەوە”.
پوتین هەڵوێستی خۆی لەمبارەیەوە راگەیاند و گوتی: “ئێستا من شتێكی نادیپلۆماسی دەڵێم، كە بۆ سومعەی برادەرە ئەوروپییەكانمان شتێكی باش نییە: ئەمەریكا كشانەوە و رێككەوتنەكە خەریكە هەڵدەوەشێتەوە، لەكاتێكدا وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن هیچ شتێك بۆ رزگاركردنی رێككەوتنەكە بكەن و هەمدیسان لەتوانایاندا نییە كارێكی جددی لەگەڵ ئێران بكەن، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە كە بەر كەرتی ئابووری ئەو وڵاتە كەوتوون”
پوتین ئاماژەی بەوەشدا: “بەڵام ئەگەر ئێران جێبەجێكردنی تەنیا یەكەم هەنگاوەكانی وەڵامدانەوەی بۆ ئەمەریكا رابگەیەنێت، رۆژی دواتر هەموو لایەك ئەوە لەبیر دەكەن، كە خۆی لەخۆیدا ئەوە ئەمەریكا بوو دەستپێشخەری لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی كردووە و هەموو لایەك رووی زمانی لۆمەكردن لە ئێران دەكەن، بۆ ئەوەی رای گشتی جیهان بەو ئاراستەیە هان بدەن كە خۆیان دەیانەوێت”.
پوتین نیگەرانی خۆی لەو حاڵەتەش راگەیاند، كە بەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی ئێراندا هاتووە و دووپاتیكردەوە، “رووسیا ناتوانێت بە بەردەوامی رۆڵی تیمی فریاگوزاری لەجیهان ببینێت، بۆ ئەوەی بەهانای هەموو لایەكەوە بچێت”، كە پێدەچێت ئەمەش ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوەی، كە ناتوانێت لە گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران هیچ شتێك بۆ تاران بكات.

پوتین گوتی: “جارێ سەیر دەكەین بزانین چی روودەدات، رووسیا تیمی ئاگركوژێنەوە نییە و ئێمە ناتوانین هەموو شتێك رزگار بكەین، بەتایبەت ئەوانەی بە تەواوی پشت بە خواستەكانمان نابەستن”.

سەرۆكی رووسیا جەختی لەسەر ئامادەیی مۆسكۆی كردەوە‌، “كە دەتوانێت هەمان ئەو رۆڵە بگێڕێت كە پێشتر هەیبووە، بەڵام ئەمە تەنیا ناوەستێتە سەر رووسیا، بەڵكو پشت بە سەرجەم هاوبەشەكان و یاریزانەكانی ئەو دۆسییە دەبەستێت، لەوانەش ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ئێران”.

سەرچاوە: روسیا الیوم

Back to top button