کورسیەکەی بارزانی، فەرموون

ئاسۆ حاجی

بارزانی لە پەیامەکەیدا کە فەرمووی لە هەموو لایەنەکان کرد کەسێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی لە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دابنیشێ هەمووانی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت کە بڕیارێکی بە جورئەتی دەوێ بڕیارێک کە لە چەند جاری پێشوو لە هیچ لایەنێکدا نیشان نەدراوە کە هەبێت چونكه‌ ئەوە جاری یەکەم نیە بارزانی داوا بکات ئەگەر هەبوونی ئەو لە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم گرفتە ئەوە ئەو ئاسانترین کەسە کە فەرموو لە هەموو لایەک بکا بۆ دیاریکردنی کەسێک تا ئەو بە هەموو توانایێکەوە هاوکاری بێت تا سەرکەوێ.

بارزانی جاری پێشوو بەر لەلایەنەکانی دیکە قسەی پارتیەکانیشی بڕی کە تەنها لەو چوارچێوەیە بەرخوردیان لەگەڵ کەسایەتی بارزانی کردووە “کە سەرۆک بەدیلی نیە” کاتێک رایگەیاند هەر کوردێک بەدیلی منە، ئەوەش وەک هاندانێک دەبینرێ بۆ لایەنکانی دیکە کە جورئەت بکەن و کەسێک بە بارزانی بناسێنن وەک جێگرەوەی ئەو.

بارزانی ئەوە بۆ چوارەم جارە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە بە شێوەیەکی فەرمی و لە چوارچێوەی پەیامدا کە ئاراستەی رای گشتی کوردستانی دەکات،ئەوە چوارەم جاریشە بە هەموو خەڵک دەڵێ کە ئەو ئامادە نیە قسە دەربارەی مانەوەی بکات لەو پۆستدا بەڵکو تەنها ئامادەیە گوێ بگرێ تا لایەنەکان ناوێکی پێدەڵێن و ئەویش پیرۆزبایی لێبکات، لێرەدا بە ناچاری دەکەوینە حالەتێکی بەراوردکاری لە نێوان کورسیەکاندا، کورسی سەرۆکایەتی هەرێم کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆتە کراسەکەی عوسمان و هەموو ڕۆژێ نیشانی خەڵکی دەدەنەوە ئەوە بارزانی کۆتایی بەوە هێنا و دەبێ لاپەڕەیەکی نوێی بۆ هەڵدەنەوە، بەڵام کورسی سەرۆکایەتی پەڕلەمان کە تەنها بە کەسێکەوە گرێدراوە و بۆتە گرێ کوێرەی کردنەوەی هەموو گرێیەکانی دیکە لە ئەکتیڤکردنەوەی پەڕلەمان و داڕشتنەوەی حکومەت و پێکەوە کارکردن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانی دارایی.

ئەو کورسیە کە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەکەی کۆمەڵی ئیسلامی بە کەسێکەوە گرێدراوە و چارەنووسی میللەتێکیشیان بەو کەسەوە گرێداوە و لە بەر دەست بەرنەبوونی لە پۆست و ئیمتیازات بۆ جارێکیش جورئەتی نەکردووە بڵێ فەرموون من کورسیەکە بە ئێوە دەسپێرم و ئێوە لە سەر کەسێکی دیکە رێکەون!
بڕیاری مەزن پیاوی مەزنی دەوێ، بۆیە هەموو جارێ بارزانی لە پەیامەکاندیدا شتێکمان وەبیر دێنێتەوە کە هێشتا پیاوێکی مەزن سەرکێشی دۆزی میللەتێک دەکات.

Back to top button