پارتی : كۆنتڕۆڵی شاری كهركوك لە دەست داعشە
بەرپرسێكی پارتی لە كەركووك گوتی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ جارێكی دیكە داعش ھێرشی كردووەتە سەر ھێزی عێراقی و سێ ئەفسەریان كوشتوون، لە ئێستاشدا داعش بە جۆرێك زیادی كردووە، كە شەوانە كۆنتڕۆڵی ناوچەكە لە دەست ئەواندایە.
عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه: “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سنوری رەشاد و ریاز، داعش ھێرشی كردە سەر ھێزی پۆلیسی ئیتیحادی و سێ ئەفسەری كوشتوون، ئەمەش جاری یەكەم نییە و داعش بە جۆرێك زۆر بووە كە بەردەوام كردەوە ئەنجام دەدات، چونكە ھێزی عێراقی شەوانە كۆنتڕۆڵی ناوچەكەیان لە دەستدا نامێنێت و دەكەوێتە دەست داعشەوە، لەبەر ئەوەی ھێزی عێراقی زۆر لاوازن و شەوانە ناوێرن لەبارەگای خۆیان بچنە دەرەوە”.
كەركووكی گوتیشی، ھێزی عێراقی لەجیاتی پاراستنی خەڵكی ناوچەكە، دێن پاڵپشتی لە عەرەبی ھاوردە دەكەن تا زەویی كوردەكان داگیر بكەن، بەڵام پێویستە بەپەلە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن.