نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بێلاڕووسیا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندرێ سافینگ باڵیۆزی بێڵاڕووسیا له عێراق، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی دژی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران، ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌وه، دۆخی ئێستای هه‌رێم، باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌رفه‌ت و بواره‌كانی هاوكاریی نێوان هه‌رێم و بێلاڕووسیا، پێشكه‌ش كرد.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16/5/2019 له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و فوئاد مامه‌ند حه‌مه‌د كونسولی فه‌خریی بێلاڕووسیا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، سافینگ ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی كرد و خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردان و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و خواستی وڵاتی خۆی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ته‌ندروستی، گه‌شتوگوزار، په‌روه‌رده و فێركردنی پیشه‌ییدا كرده‌وه و باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ژینگه‌ى له‌باری وه‌به‌رهێنان و سه‌قامگیریی ئاسایش هاوكارن بۆ هاتنی وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ و خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ بنیاتنانی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و ئاشتی و هه‌ماهه‌نگی، دووپات كرده‌وه.
تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دوا پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.