بەریتانیا پشتگیری خۆی بۆ ئەمریكا راگەیاند دژی ئێران

بەریتانیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران دەربڕی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند هەمان هەڵسەنگاندنی ئەمریکایان بۆ هەڕەشەکانی ئێران هەیە.

جێرێمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئەژماری خۆی لە توویتەر رایگەیاند: “هەمان هەڵسەنگاندنی ئەمریکامان بۆ ئەو هەڕەشانەی ئێران هەیە کە بەردەوام روویان لەزیادبوونە. جێرێمی هەنت دەڵێت، هەفتەی رابردوو قسەی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووەو رۆژی دووشەممەش قسەی لەگەڵ کردووەتەوە.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتەکەی هاوهەڵوێستن لەسەر هەڕەشەکانی ئێران و هەمیشەش لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا لەپەیوەندیدا دەبن. بەهۆی ئەو گرژیانەی کە بەردەوام لەنێوان واشنتن و تاران روویان لە زیادبوونە، بەریتانیا ئەمڕۆ ئاستی هۆشداری بۆ سەرباز و کارمەندەکانی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بەرزکردەوە.

جێرێمی هەنت سەرەتای هەفتەش هۆشداریدا لە هەڵگیرسانی جەنگێکی بە رێککەوت لەنێوان ئەمریکا و ئێران، لە لەندەنیش کاتێک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە، هەنت دووپاتیکردەوە کە دەبێت ئێران دەستوەردان لە کارووباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ بوەستێنیت و بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی بالیستیش کۆتایی پێبێنێت.

Back to top button