یه‌كێتیی زانایان هه‌واڵێكی میدیاكان بەدرۆ دەخاتەوە

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا هەواڵێكی هەڵبەستراوی بەدرۆ خستەوە كە لە ماڵپەڕی (لڤین) و ڕۆژنامەی (ژیان) بڵاو كراونەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە كە له‌و چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا ئەو دوو ڕۆژنامە و ماڵپەڕە هه‌واڵێكی نادروست‌ و بێ‌ بنه‌مایان بڵاو كردووەته‌وه‌، گوایه‌ یه‌كێتیی زانایان له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كانی د.پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی به‌ وه‌كاله‌ت، نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی داوه‌ته‌ سەرۆك مه‌سعود بارزانی‌.

یه‌كێتیی زانایان دووپاتی كردووەتەوە “ئێمە سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌‌وه‌‌، پێمانوایه‌ ئه‌و كاره‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌ما‌ و پرەنسیپه‌كانی كاری رۆژنامه‌وانیه‌، له‌ هه‌مان كات بە ئامانجی دروستكردنی درزه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌‌ و نانه‌وه‌ی پشێوی‌ و ته‌شهیركردنه‌ به‌ ده‌زگایه‌كی فه‌رمی وه‌ك یه‌كێتیی زانایان”.

راگەیاندراوەكە دەشڵێ له‌ ماوه‌ی رابردوودا باشترین هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان یه‌كێتیی زانایان‌ و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌بووه‌‌، چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر و په‌یوه‌ستیان به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌‌، ته‌نانه‌ت خودی د. پشتیوان سادق به‌شداری راسته‌وخۆی له‌ چه‌ندین كار و چالاكی یه‌كێتیی زانایاندا كردووه‌‌.

Back to top button