عەرەب هاوردەکان دەغڵودانی جووتیارانی کورد لە دووبز دروێنە دەکەن

ژمارەیەک عەرەبی ھاوردە بە دەڕاسە چوونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و دەستیان کردووە بە دروێنەی گەنمەکانیان و بەرهەمەکەیان بە تاڵان بردووە.

 

ھێرش حوسێن یەکێک لە جووتیاران کە گەنمەکەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە دووراوەتەوە بە ڕایگەیاند: “شەوی پێنجشەممە ژمارەیەک عەرەبی ھاوردە چوونەتە گوندەکەیان و بە دەڕاسە گەنی جووتیارانیان دوریوەتەوە و بەرھەمەکەیان بردووە”.

ئەو جووتیارە گوتیشی ئێمە خەڵکی گوندی “مامە”ی سەر بە شارۆچکەی دووبزین کە دەکەوێتە خۆرئاوای کەرکووکەوە”.

ھێرس حوسێن لەبارەی بڕی گەنمەکەو ئەو رووبەرە زەوییەی دروێنە کراوە گوتی: “لە گوندی ئێمە ١٢٠ دۆنم زەوی کە بە گەنم چێندراوە و دروێنە کراوە کە نزیکەی٥٠ تا٦٠ تەن گەنم زیاتر بەرھەمی بووە و بردویانە”.

لەبارەی ئەو عەرەبانەش کە ئایا خەڵکی کوێن گوتی: “ئەم عەرەبانە ھاتوونەتە سنوری کەرکووک و نیشتەجێن خەڵکی “بەعاج”ی سەرسنووری سووریان”.

ئەو جووتیارە کوردە گوتیشی: “بە پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانمان وتووە بۆ رێگەتان داوە بە دروێنەکردنی گەنمەکان لە وەڵامدا وتیان نەمانزانیوە”.

لەبارەی وەرگرتنەوەی گەنمەکان ھێرش گوتیشی: “لە ھەوڵداین گەنمەکان وەربگرینەوە کە لە شوێنێک لە نزیک گوندەکە ھەڵگیراوە”.

Back to top button