لە كابینەی نوێ‌ حكومەت وەزارەتێك زیاد دەبێت كە پێشتر لە هیچ كابینەیەك ئەم وەزارەتە بوونی نەبووە

 

لەگەڵ رێككەوتنی لایەن سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم, لە ئێستادا هەوڵدەدرێت لە كابینەی نۆیەم, ناویفەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێم بۆگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی هەرێم بۆ كارووباری دەرەوە, سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم پێشنیازەكراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە فەرمی و نەهاتووەتە پەرلەمان و لیژنەكەیان.

رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوندی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “داواكاری و پێشنیازێك هەیە بۆ گۆڕینی ناونیشانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری دەرەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی نەبوەتە بڕیارو چاوەڕوان دەكەین بەفەمی بێتە لیژنەكەمان و كاری لەسەر بكەین”.

گوتیشی: “وەزارەتەكان ناسراون و بەیاسا رێكخراون، ئەگەر ناونیشانیش لەپێكهاتەی كابینەی نوێ بگۆڕدرێت، دەبێت یاسای بۆ هەمواربكرێتەوەو پێداوچوونەوە بەیاسای فەرمانگەی پەیوەندییەكان بكرێت، ئەوەش كارێكی ئاسانەو تەنها پێویستی بەوە هەیە ناوەكەی لە یاسای ئەم فەرمانگەیە بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی هەرێم”.

راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان ناتوانێت وەزارەتێكی هەبێت بەناوی وەزارەتی دەرەوە، چونكە ئەوە مافی دەوڵەتە و هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عیراقدایە و ئەو مافە هی حكومەتی عیراقە.

هەرێمی كوردستان لە چەند كابینەیەكی یەك لەدوای یەكدا، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی هەبووە و فەلاح مستەفا، لە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی فەرمانگەكە بووە.

Back to top button