ئەلمانیا پەشیمان بوویەوە لە كشاندنەوەی تیمە سەربازیەكەی لە عێراق و لە كوردستان دەمێننەوە
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەڵمانیا بڕیاریدا كە هێزە سەربازیەكانی و تیمە راێژكاریەكەی لە عێراق بكشێنێتەوەو مەشقی سەربازی رابگرێت, ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند دەست دەكەنەوە بە ڕاهێنانە سەربازییەكانیان لە عێراق. ئەمەش دوای دوو ڕۆژ دێت لە بڕیاری راگرتنی راهێنانە سەربازییەكانیان لە عێراق بەهۆی هەڕەشە سەربازییەكانی نێوان واشنتن و تاران.
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئەوەشی راگەیاندووە كە بڕیارەكەیان دوای ئەوە هات كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئاسایشی عێراق كردووەتەوە و دەركەوتووە ئاستی هەڕەشەكان دابەزیوە.
بەم شێوەیە، لەمەودوا هێزە ئەڵمانیەكان درێژە بە ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق دەدەن.
چەند رۆژێكە تەنگژەی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە ئەوپەڕی و هەردوولا هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕ و بەیەكدادانی سەربازی دەكەن، لەمەش زیاتر هێزەكانی سوپای ئەمریكا چەند كەشتییەكی جەنگی و فڕۆكەهەڵگری لە ناوچەكە نزیك كردووەتەوە.