فرسەت سۆفی: دوایی ٨ رۆژی دیکە سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی هەرێم لە کاتی خۆیدا سوێندی یاسایی دەخوات.

فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی ڕاگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە بەپێی ئەو ماوە یاساییەی دیاری کراوە، دەڕوات بەڕێوە، ”ئەوەندەی من بزانم، نە ڕۆژێک دوادەکەوێت و نە پێش دەخرێت، ماوەی یاسایی بە پێی یاسای تایبەت بە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی بە جۆرێک دەبێت کە سێ ڕۆژ بۆ خۆپاڵاوتن، دوو ڕۆژ بۆ تانەدان، دوو ڕۆژ بۆ دادگای تەمیز و حەوت رۆژ بۆ سوێند خواردن“.

سۆفی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرۆک بارزانی خواستی ئەوەی هەیە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکلایی ببێتەوە و بە تەواوەتی ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ماوەی یاسایی هەیە، ئەوا دەبێت بەپێی ڕێکارەکان ئەنجام بدرێت، بەپێی ئەو ماوە یاساییانەی کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دانراوە، سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژی ٢٦ی ٥ی ٢٠١٩ یان ڕۆژێک دواتر سوێندی یاسایی دەخوات و لە سەرەتای مانگی ٦ی داهاتوودا مەسروور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت.

لەو ماوە یاساییەی دیاری کرابوو، جگە لە کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەپێی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش پشتیوانی دەکەن، ژمارەیەک کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠١٩ بە فەرمی ناوی کاندیدەکان ڕابگەیەندرێت.

Back to top button