رێبوار بابكه‌یی: ھیچ مەترسییەك لەسەر ھاووڵاتیان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە ھەرێم نییە

بڕیاری ئەمەریكا بۆ راگرتنی ڤیزا و مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە، پەرلەمانی كوردستانی ھێناوەتە دەنگ و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانیش دەڵێ، ھیچ مەترسییەك بۆ سەر ھاووڵاتیان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان نییە.
دكتۆر رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه‌: راستە ناوچەكە بە ھۆی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ھیچ مەترسییەك بۆ سەر ھاووڵاتیان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان نییە و رەوشی ئەمنی زۆر سەقامگیرە.
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵَێت: ئێمە دڵگرانین بەو دوو بڕیارەی ئەمەریكا بۆ راگرتنی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی خۆی بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا راگرتنی مەشق و راھێنانەكانیان بە ھێزەكانی پێشمەرگە، چونكە رەوشی ھەرێمی كوردستان زۆر جیاوازە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و پێویستە ئەمەریكا ئەوە لە بەرچاو بگرێت.
بابكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه‌: داوا لە ئەمەریكا دەكەین بە بڕیارەكانی خۆیدا بچێتەوە و پێشبینی دەكەین ئەو بڕیارەی دەربارەی عێراق دەریكردووە، ھەرێمی كوردستان وەدەر بێنێ، لەبەر ئەوەی ئێمە ھەموومان دەزانین ھیچ ھێزێك نییە لە ھەرێمی كوردستان مەشق و راھێنان لەلایەن ئەمەریكا و ھاوپەیمانانەوە ببینێ و ئینتیمای بۆ وڵاتانی ناوچەكە ھەبێت.
دەشڵێ: پەیامی خۆمان بە ئەمەریكا و ھاوپەیمانان دەگەیەنین و دڵنیایان دەكەینەوە لەوەی ژیانیان لە ھەرێمی كوردستان پارێزراو دەبێت و پێویستە ئەوانیش ئەو سەقامگیرییەی ھەرێمی كوردستانیان لە بەرچاو بێت.
Back to top button