دلاوەر عومەر: شۆڕشی گوڵان ئومێد بوو لە كاتی نائومێدیدا
زیاتر لە چل ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا تێپەڕ دەبێت و بەشداربوویەكی شۆڕشیش روونی كردەوە، شۆڕشی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێكرد، بێئومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، ھاوكات ھەر لەو بۆنە پیرۆزەدا، داوای بەیاساییكردنی مافی پێشمەرگەكانی شۆڕشی گوڵان و پێشمەرگە دێرینەكان دەكات.
لە ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦، شۆڕشی گوڵان بە فەرمانی بارزانیی نەمر و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی دەستی پێكرد، شۆڕش لە كات و ساتێكدا ھەڵگیرسا، خەریك بوو كورد بە تەواوەتی بێئومێد بێت لە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش، ئەویش دوای رێككەوتنی جەزائیر.
دلاوەر عومەر، سەرۆكی رێكخراوی تێكۆشەرانی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: “شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز بە رابەرایەتی و رێنوێنیی بارزانیی نەمر لە سەردەمێكدا ھەڵگیرسا، نائومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، دوژمن وایدەزانی دوای نسكۆ شۆڕش بەرپا ناكرێتەوە و پێشمەرگەش شاخەكانی كوردستان نابیننەوە، بەڵام لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دوای رێككەوتن و خیانەتی جەزائیر، پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر و بەشداریی سەرۆك بارزانی و شەھید ئیدریس بارزانی، بڕیاری ھەڵگیرساندنی شۆڕشیان دەركرد لە سنوورێكی دیاریكراوی كوردستاندا”.
شۆڕشی گوڵان، تەواوكەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، كە لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ دەستی پێكرد و بە گەورەترین شۆڕشی گەلی كورد ھەژمار دەكرێت لە سەدەی رابردوودا، شۆڕشی ئەیلوول راستە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەرپا كرا، بەڵام ھەموو گەلی كوردستان بە كورد و پێكھاتەكانەوە بە شۆڕشی خۆیان دەزانی، لە ماوەی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا چەندین دەستكەوت بە دەست ھاتن، كە گرنگترینیان ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بوو و یەكەم جار بوو لە مێژوودا رژێمێك بەو شێوەیە دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێت.
سەرۆكی رێكخراوی تێكۆشەرانی شۆڕشی گوڵان دەڵێت: “پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵاندا ئەو پەیامەیان گەیاندە دوژمن، كە ئێمە پێشمەرگەین و ماوین و ھەر دەمێنین، كە بووە شۆك بۆ دوژمنانی كورد و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازیش درێژەی كێشا تا راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ی لێ بەرھەم ھات، چونكە راپەڕینی جەماوەریی كوردستان بە پاڵپشتیی ھێزی پێشمەرگە بەرھەمی شۆڕشی گوڵانە”.
دلاوەر عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی گوڵان، دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی و بە ھەزاران پێشمەرگە و كادیری دیكەش بریندار بوون، بۆیە لەو یادەدا مەزنەدا سڵاو بۆ پێشمەرگە دەنێرین، هەروەها داوایەكیش ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و فڕاكسیۆنی پارتیمان دەكەین، كە پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەربكرێت بۆ ئەوەی مافەكانی پێشمەرگە دێرینەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی شۆڕشی گوڵان، بە یاسایی بكرێن”.