پەرلەمانی كوردستان ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردن لە گەلی كورد پیرۆز دەكات
بە بۆنەی ساڵیادی یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان به بۆنەی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئەمڕۆ ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی دیموكراسیی كوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین، ئەو ڕۆژە سەرەتای قۆناخێكی نوێ بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، لە یەكەمین ئەزموونی ڕزگاریی میللەتی كوردستان، ڕاستەوخۆ پەنای بۆ ئامرازە دیموكراسییەكان برد بۆ یەكلاییكردنەوەی ڕكابەرییەكان و پێشڕەوایەتی و ئیدارەكردن و مافی گفتوگۆكرن لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵات، لەو ڕۆژەدا بناغەی دەوڵەتداری و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان جاڕ درا، وەڵامی هەموو ئەوانەش درایەوە كە پێیان وابوو گەلی كوردستان ناتوانێت ئیدارەی خۆی بكات و شارەزایی پێشكەوتنەكانی نییە، بەڵام ئەزموونە دیموكراسییەكەمان بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا، كە گەلی كوردستان نەك هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵكو ئێستا ئەزموونەكەمان بووەتە نموونەی پێكەوەژیان و فەزای ئازاد و دیموكراسی و ئازادیی دەربڕین لە ناوچەیەك كە هەموو ئەو بنەمایانە ونن و هەموویان لە خەوی شەڕ و گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن.
هەر لە ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای سەختی و ئاستەنگەكان، ئێستا خولی پێنجەمی پەرلەمانە و لە ڕووی نوینەرایەتی و بەشداریی سیاسی، فراوانترین ڕووبەری پێكهاتەی كوردستان دەگرێتەوە و جەخت دەكەینەوە كە هەمیشە پەرلەمان بەشێك بێت لە چارەسەر بۆ سەرجەم لایەنەكان و چەتری كۆكەرەوەی گشت لایەنەكان و قووڵتركردنەوەی گیانی كاری پێكەوەیی و قووڵتركردنی كەلتووری دیموكراسی و دیالۆگ و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت، هەروەها دووپاتی پابەندبوونی تەواو بە ڕێكارە یاسایی و دیموكراسییەكان دەكەینەوە بۆ چارەسەری گرژی و ناكۆكییەكان، پێویستە هەمووان پابەند بین بەو بنەمایانە بۆ مامەڵەكردن و دەرفەتی زیاتری پێكەوەیی بوون، پێویستە بە هەمووان هەوڵی پەرەپێدانی زیاتری دیمواكرسی و هەڵبژاردن و ئازادیی زیاتر بدەین بە پێگیربوون بە بنەما یاساییەكان و پێشێلنەكردنی ماف و ئازادییەكان، بۆ ئەوەی هەمیشە كوردستانەكەمان گەشاوەتر بێت و هەر بە نموونەی دوورگەیەكی ئارام لەنێو دەریایەكی شەڕ بمێنێتەوە و كەلتوور و فەرهەنگی بەیەكەوەژیان و دیموكراسییانەی گەلی كوردستان ببێتە وانەیەك بۆ ئەوانەی ڕێگە بە دەنگێكی جیاواز نادەن و بە زەبری هێز و تیرۆر و تۆقاندن هەوڵی خۆسەپاندن دەدەن.
جارێكی تر بەم بۆنەیەوە پێرۆزبایی لە تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەلەكەمان دادەنوێنین، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، سڵاو بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، هەمیشە شادو سەرفراز بن.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان