خەسرۆ گۆران: کۆمسیۆن پێی راگەیاندووین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئهمساڵ ناکرێن
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای كرد، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق پێی راگەیاندوون، بە ھیچ شێوەیەك ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام نادرێت. دەشڵێ، پارتی لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە.
خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: لەبارەی پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، قسەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە و ئەوان پێیان راگەیاندووین ئەمساڵ بە ھیچ شێوەیەك پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە ناچێت.
گۆران روونیشی كردەوە: ھۆكارەكانی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن زۆرن، بەڵام ئەوانەی سەرەكین، بریتین لە ھەموارنەكردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و كۆتایی نەھاتن بە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەرانی عێراق، لەنێو پەرلەمانی عێراقیش خواستێكی زۆر ھەیە پڕۆسەكە بۆ ساڵی داهاتوو دوا بخرێت.
لەبارەی ھەلوێستی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، خەسرۆ گۆران دەڵێت: ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان نایشارینەوە كە لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانین، چونكە خەڵكێكی زۆری ئێمە لە مووسڵ ئاوارەن و ٥٠٠ ھەزار دەنگدەری كورد لە ھەرێمی كوردستان ھەن، كە خەڵكی مووسڵن، ئێمە لە ھەوڵداین مافی دەنگدانیان نەفەوتێت و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ساڵی رابردوو بەسەریان ھات، دووبارە نەبێتەوە، لەبەر ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ كات پێویستە بۆ خۆتۆماركردنی دەنگدەران.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: یەكێك لە دواكارییەكانی ئێمە وەك پارتی، ئەوەیە كە بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پێویستە رەوشی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە، تا ھەڵبژاردنێكی بێ كێشە و شەفاف لەو ناوچانەدا بەڕێوە بچێت.