یەكێتی لە لایەك داوا دەكات پارتی پارێزگاری كەركوكی پێبدات، لە لایەك ئیمزا بۆ مانەوەی راكان جبوری وەك پارێزگار دەكات

به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كە دەست (خواكوڕك) كەوتووە، یه‌کێتی و لایه‌نه‌ تورکمانى و عه‌ره‌بییه‌کانى ناو ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، له‌ رێكه‌وتى 16/4/2019 واژۆیان كردووه‌ و رێككه‌وتوون، (راکان سه‌عید جبوری) وه‌ک جێگرى پارێزگار و پارێزگاری كه‌ركووك به‌ وه‌کاله‌ت تا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک له‌ پۆسته‌که‌ى به‌رده‌وام بێت.

له‌ورێککه‌وتنه‌دا‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌رۆکى کوتله‌ى عه‌ره‌بى و تورکمانى و کاکه‌ڕه‌ش سدیق ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى، که‌ سه‌ر به‌ یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانه‌ وه‌ک “سه‌رۆکی لیست” واژۆىان کردووه‌، له‌کاتێکدا (محه‌مه‌د که‌مال) سه‌رۆکی لیستی برایه‌تی كه‌ركووكه‌ كه‌ سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه نه‌ك كاكه‌ڕه‌ش سدیق‌‌.

كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی دیوانی پارێزگای كه‌ركووك كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌ و له‌ 9 خاڵ پێکهاتووه‌، له‌ هه‌مان رۆژدا به‌ نوسراوێکى فه‌رمى له‌لایه‌ن راکان سه‌عید پارێزگارى که‌رکوک به‌ وه‌کاله‌ت ره‌وانه‌ی نووسینگه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کراوه‌.

له‌ خاڵی یه‌كه‌می ریككه‌وتنه‌كه‌دا داوا كراوه‌، راکان سه‌عید جبوری، وه‌ك پارێزگاى که‌رکوک به‌ وه‌كاله‌ت، تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌ن له‌ پۆسته‌که‌ى بمێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ خاڵه‌كانی دووه‌م و سێیه‌مدا داوای هێشتنه‌وه‌ى هه‌ر یه‌ک له‌ عه‌لى حه‌مادى له‌ پێکهاته‌ى عه‌ره‌ب و رائید جه‌مال له‌ پێکهاته‌ى مه‌سیحى له‌ پۆسته‌كانی یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ کاروبارى هونه‌رى و کاروبارى کارگێڕیی كراوه‌.

هه‌روه‌ها له ‌خاڵى چواره‌مدا بڕیاردراوه‌ خه‌بات ئه‌سعه‌د له‌ پێکهاته‌ى کورد بكرێته‌ یاریده‌ده‌رى پارێزگار بۆ کاروبارى خزمه‌تگوزاریی.

به‌گوێره‌ی خاڵی پێنجه‌م بێت، توركمانێكیش به‌ناوى یاڵچین مه‌هدى وه‌ک یاریده‌ده‌رى پارێزگار بۆ کاروبارى وزه‌ ده‌ستنیشان کراوه‌.

له‌ خاڵه‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌مدا داوای هێشتنه‌وه‌ى پۆستى راوێژکارى پارێزگار بۆ کاروبارى یاسایى و رێکخراوه‌کان و راوێژکارى کارگێڕیی كراوه‌ كه‌ یه‌که‌میان عه‌ره‌به‌ و كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌شیان تورکمانه‌. هه‌ر له‌خاڵى هه‌شته‌مدا پۆستى راوێژکارى ئه‌منى پارێزگار دراوه‌ به‌ که‌سێکى تورکمان.

له‌ خاڵی نۆیه‌مدا داواكراوه‌ پۆستى راوێژکارى هونه‌رى پارێزگار دروست بكرێت و بدرێته‌ كوردێك.

راکان سه‌عید كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی كورد له‌ پارێزگاكه‌ به‌ پاڵپشتی عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان و بڕیاردان بۆ به‌ عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك تۆمه‌تباره‌، به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی پارێزگاكه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پێنراوه‌ و كراوه‌ته‌ پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت.

 

Back to top button