خەسرۆ گۆران: كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێیان راگەیاندین ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكرێت

 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە ئاگادار كراونەتەوە، كە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوە ناچێت.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، “لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراقەوە قسەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كردووە و ئەوان پێیان ڕاگەیاندووین ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوە ناچێت”.

سەبارەت بە هۆكارەكانی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن وتی، “هۆكارەكان زۆرن، بەڵام ئەوانەی سەرەكین، بریتین لە هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق و كۆتایی نەهاتن بە پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەرانی عیراق، لەنێو پەرلەمانی عیراقیش خواستێكی زۆر هەیە پڕۆسەكە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.

دەربارەی هەڵوێستی حزبەكەی خەسرۆ گۆران ئاشكرایكرد، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان نایشارینەوە، كە لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانین، چونكە خەڵكێكی زۆری ئێمە لە مووسڵ ئاوارەن و 500 ھەزار دەنگدەری كورد لە هەرێمی كوردستان هەن، كە خەڵكی مووسڵن، ئێمە لە هەوڵداین مافی دەنگدانیان نەفەوتێت و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو بەسەریان هات، دووبارە نەبێتەوە، لەبەرئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ كات پێویستە بۆ خۆتۆماركردنی دەنگدەران.

Back to top button