ئاورینگ شێخ عەلی: پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی لە بەرژەوەندیی كوردە
پرسی دادگای ئیتیحادی، یەكێكە لەو پرسانەی ماوەی پازدە ساڵە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە لە عێراقدا و بڕیارە لە رۆژانی دابێ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی بدات، شارەزایەكی یاساش پێی وایە، دەركردنی یاساكە لە بەرژەوەندیی كوردە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە یاسایی و دەستوورییەكان.
ئاورینگ شێخ عەلی، شارەزای یاسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: گرنگیی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی لەوەدایە، تا ئێستا كار بە یاسای سەردەمی بریمەر دەكرێت، كە زۆرێك لە ماددەكان لەنێو دەستووری عێراقدا ھاتوون لەبارەی دادگاكەوە، بەڵام پێم وایە پەسەندكردنی لە بەرژەوەندیی كوردە، چونكە دەزگایەكی یاسایی دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە یاسایی و دەستوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا.
ئەو شارەزایەی یاسا گوتی: دادگای ئیتحادی لە ماوەی پازدە ساڵی رابردوودا توانیویەتی تا رادەیەكی زۆر لە بڕیارەكانیدا بێلایەنی ھەڵبژێرێت، بەڵام بێ دەستوەردانیش نەبووە، لەبەر ئەوەی ھەندێك جار دادگا كەوتووەتە ژێر كاریگەریی لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە، بۆ نموونە كاتێك تەفسیری گەورەترین كۆتلەی پەرلەمانی كرد، لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی بڕیاری دا و لیستی عێراقییەی ئەیاد عەللاوی شكایەوە.
لەبارەی دادانی ئەندامانی دادگای ئیتیحادی لە پێكھاتەكانی عێراق، ئاورینگ شێخ عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: راستە دانان و ھەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای ئیتیحادی دابەش دەكرێت لە نێوان كورد و سوننە و شیعەدا، كە ئەویش بەپێی ماددەی یاسایی دەبێت، بە تایبەتی كاتێك داوای وەرگرتنی ڕای زانایانیان كردووە، من پێموایە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی، دەبووایە ئەندامانی دادگا تەنھا لە دادوەر و پسپۆڕانی ئەكادیمیی یاسای دەستووری و كارگێڕی پێكھاتبایە.