سهفین دزهیی: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە
گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2019ـدا سێ مووچەی ناردوون، نەك چوار. دەشڵێت، لە ڕووی پرەنسیپەوە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئەوەدا نییە كە نەوت ڕادەستی بەغدا بكات.
سەفین دزەیی، پێوەست بە مووچەی فەرمانبەران، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2019ـدا سێ مووچەی ناردوون، كە بێ پاشەكەوت دابەش كراون، یەك مووچەش بۆ مانگی 12ی 2018 بە بێ پاشەكەوت دراوە بە فەرمانبەران، بۆ مووچەی ئەو سێ مانگەش كە لە ساڵی 2019ـدا مووچە دواكەوتووە، دزەیی رایدەگەیەنێ، پێدانی مووچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینارە، كە مووچەی سێ مانگەكەی پێ بدرێت و مووچە ڕێك بخرێتەوە و بكەوێتەوە سەر سكە.
سەبارەت بە پێدانەوەی مووچەی ئەو سێ مانگە بە فەرمانبەران، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، ئێستا ئەو بڕەپارەیە لە بەردەست حكوومەتی هەرێمدا نییە، هیواداریشین لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێككەوتن، كە حكوومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت ئەو بودجەیەی لە 2014ـوە لە هەرێمی بڕیوە، بیداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن، ئەوكات مووچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران، دەربارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی پیشان دا و گوتی، حكوومەتی هەرێم ماوەی ساڵێك زیاترە بە نووسراو، بە فەرمی، بە لێدوان و قسەش ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشەی نەوت، بەڵام دەبێت بەغدا كاتی كۆبوونەوەكە دیاری بكات.
ناوبراو جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی پرەنسیپەوە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە كە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەن كە پێویستە لەو پڕۆسەیەدا چارەسەر بكرێن، واتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چ ئێستا و چ لە كابینەی داهاتوودا لەسەر ئەو “مەلەفە” ئامادەیە گفتوگۆیەكی جیددی بكات و چارەسەرێكی بنەڕەتی و گونجاو بدۆزێتەوە، تا بتوانرێت ئەو دڵەڕاوكێ و ئەو گرفت و مقۆمقۆیەی كە هەندێك لایەن نانی خۆیانی پێوە دەخۆن لە پەرلەمانی عێراق، بە تایبەت حیزبە عێراقییەكان، نەهێڵدرێت.