مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای جەژن

مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پەرلەماندا بە دەنگدان هەڵدەبژێردرێت، دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.

لەم بارەیەوە سەعید مستەفا تەتەرخان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ڕایگەیاند: “بڕیارە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان، چونکە مەراسیمێکی شایستە بەڕێوە دەچێت و زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان و عێراقیش بانگهێشت دەکرێن”.

ڕوونیشی کردەوە، ھێشتا کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دیاری نەکراوە، بەڵام ”دەکرێت لە غیابی کاندیدەکان، پەرلەمان دەنگ بدات، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی پەرلەمان دەکەین”.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختی لە وتەیەکی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان کردەوە کە ئاشکرای کردبوو، نێچیرڤان بارزانی بەپێی ڕێککەوتنەکان، کاندیدی پارتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

Back to top button