خواردنی 3 خۆخ لە ڕۆژێکدا چ دەگەیەنێت؟

توێژینەوەیەکی تازەی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کە خواردنی خۆخ بە مەبەستی چارەسەری، دەبێتە بەربەست لە بەردەم گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان لە ناوچەی مەمك، چونکە خۆخ پێکهاتە فینۆلییەکان لەخۆدەگرێت.

دەرکەوتنی ئەو ئەنجامەش پاش ئەوە هات، کە چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر مشکەکان ئەنجامدرا، بەوەی خانە شێرپەنجەییەکان لە ژێر پێستییان چێنران و چەند ژەمێکی دیاریکراویان لە خۆخ پێدرا، لە ئەنجامدا ئاشکرا بوو، کە پاش چەند هەفتەیەك، خانە شێرپەنجەییەکان بەرەو سستی چوون و لە دابەشبوون کەوتن.

توێژەران بە ئەنجامدانی شیکار و پشکنینەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی، کە خواردنی 3 خۆخ لە ڕۆژێکدا، بەسە بۆ تێکدانی خانەکانی شێرپەنجەی مەمك و ڕاگرتنی تەشەنەسەندنی و پووچەڵکردنەوەی چالاکییەکانی.

جێگەی بیرهێنانەوەیە، کە شێرپەنجەی مەمك بە بەربڵاوترین نەخۆشی کوشندەی ژنان دادەنرێت، بەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە ساڵی ڕابردوودا، گەیشتۆتە 232000 حاڵەت بە تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش بە گوێرەی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل” ی بەڕیتانی.

Back to top button