هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەدات

رێککارە یاساییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆتایی ھاتوون و، ئەندامێکی لیژنەی یاساییش ده‌ڵێ، لە سەرەتای هەفتەی دابێ، دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەدرێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووه‌، کە لە سەرەتای هەفتەی دابێ، پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و تەوەری کۆبوونەوەکەش ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، واتە لە رۆژی یەک شەممە، تا سێشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەدات، بەو پێیەی رێککارە یاساییەکان کۆتاییان ھاتووە و، تەنیا ماوەتەوە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە لایەن پەرلەمانەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە رێو رەسمێکی تایبەتدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات، ئەویش بۆ ئەوەی دەست بە کاربێت، دواتریش کاندیدی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەسپێرێت.
ئه‌و ئەندامه‌ی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، شێوازی دەنگدانەکە روون دەکاتەوە، کە بە پێی یاسا جێگیرکراوە، کە دەنگدان بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دەبێت، پێشبینیش دەکات، کە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، بکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان، ھۆکارەکەشی بۆ‌ ئامادەکاری و ھەندێ رێککاری پڕۆتوکۆلی بۆ رێوڕەسمەکە دەگێڕێتەوە.
لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش خەدیجە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، کە لە ڕووی یاساییەوە، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٣٠ رۆژی لەبەردەمدایە، ئەو گەشبینە بەوەی، کە لەو ماوەیەش زووتر کابینەکە رابگەیەندرێت، وەکخۆی گوتی، دەمێکە لایەنەکان ئامادەکارییان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کردووە.
Back to top button