شیرین ئامێدی: بۆ وه‌رگرتنی پۆست له‌ كابینه‌ی نوێ سیڤی زۆر پێشکەش کراون و خەڵکانی بێ لایەنیشی تێدایە

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێ، پارتی هیچ کێشەیەکی لە دیاریکردنی کاندیدانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە حکوومییەکان لە کابینەی نوێ نییە، هاوکات شێوازی یەکلاکردنەوە و هەڵسەنگاندیان بۆ سیڤی کەسەکانیان بۆ وەرگرتنی پۆست لە کابینەی نوێ، ئاشکرا دەکات و دەڵێ، لیژنە بۆ ئەو مەبەستە دەستبەکار بووە.

شیرین ئامێدی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی پێکھێناوە و ئەندام و کادیری زۆریش سیڤییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری و بریکار و بەرێوبەری گشتی پۆستەکانی دیکەی حکوومەت، وە سەرقاڵی یەکلایی کردنەوەی سیڤیەکانن، ھەرکاتێ لیژنەکە کاری خۆی تەواو کرد، دەیخاتە بەردەم مەکتەبی سیاسی و ئەوانیش بڕیاری لە بارەوە دەدەن.

ئامێدی جەختیشی لەوە کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستەکان، ھیچ کێشەیەکی نییە و لەکاتی خۆیدا یەکلاییان دەکاتەوە و پێشکەشی سەرۆکی راسپێردراو بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی دەکات.

ئاشکرایشی کرد، ئەو کادیر و ئەندامانەی، کە دەیانەوێ پۆست لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم وەربگرن، لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان، سیڤییەکانیان رادەستی ناوچەکانیان کردوون، دواتریش بەرز دەکرێنەوە بۆ لق، لقیش پەسەندی بکات، دواتر دەگاتە مەکتەبی سیاسیی و مەکتەبی رێکخستن، هەروەها کەسانی بێ لایەنیش لە رێی ناوچەکانیانەوە سیڤی خۆیان پێشکەش کردووە.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی، دڵنیاییش دەدات، لەوەی کە هیچ سیڤییەک لە دەرەوەی ئەو سیستمەی داندراوە، وەرناگیرێت، بەڵکو دەبێ ئەو رێککارەی حزب دیاری کردووە، ببڕدرێت، ئەوەش روون دەکاتەوە، کە بۆ یەکلایی کردنەوە و هەڵبژاردنی کاندید بۆ پۆستە حکوومییەکان، لە بەشی سامانە مرۆییەکانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی هەڵسەنگاندن بۆ توانا و کەفائەیان دەکرێت و دواتر مەکتەبی رێکخستن رادەستی لیژنە تایبەتەکەی دەکات و ئەوانیش دیراسەی سیڤییەکان دەکەن.

Back to top button