ئەمەریكا بەرەیەك دژ بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێك دەهێنێت

لە كاتێكدا ئەمەریكا بەردەوامە لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمەریكا دەڵێ، بوونی ئەو هێزە بۆ لێدان و جەنگ نییە لەگەڵ ئێران، بەڵكو بۆ سەقامگیركردنی پێگەی ئەمەریكایە لە ناوچەكە، بۆ ئەمەش هەوڵی پێكهێنانی بەرەیەك دەدەین دژ بە هەڵسوکەوتەکانی تاران.
ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئایار، جیمیس ماتیس وەزیری پێشتری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری جێگیركردنی پێگەی ئەمەریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە بۆ رێگریكردن لە هەوڵەكان و چالاكییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتە.
 ماتیس لە دیمانەیەك لەگەڵ كەناڵی “سكای نیوز عه‌ره‌بیه‌” داوا لە وڵاتانی كەنداو دەكات كە بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران پێك بهێنن و ئەو وڵاتە ناچاری گۆڕانكاری لە رەوشتەكانی بكات. ئاماژەی بەوەش دا كاتێك نیگەرانییەكان و مەترسییەكان روویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا كە دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە زیاتر بكرێن بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانانی لە مەترسییەكانی  ئێران لە ناوچەكەدا، ئەمەش كاری دیپلۆماتەكان و سەركردەكانی دنیایە و ئەمەریكا دەیەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران بكات و ناچاری بكات رەوشتی چاك بكات.
لەبارەی هێنانی ئەو هەموو كەشتیگەلە جەنگییەكەش، ماتیس دەڵێ، ئەوەی روو دەدات مەبەست لێی پاراستنی ئاشتییە لە ناوچەكەدا نەك هێرشكردنە سەر ئێران، بەڵكو ئەمەریكا هۆشداری دەداتە ئێران كە دەستبەرداری ئەوە بێت كە دەیكات.
گوتی “پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئاشتییان دەوێت و دەیانەوێت لە خۆشگوزەران و ئازادی بژین، بەرەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەوشتەكانی ئێران دروست بكەن”.
زیاتر گوتی “ئەمە تاكە رێیە تا ئێران ناچار بكەین رەوشتەكانی بگۆڕێت بێ ئەوەی جەنگ روو بدات، ئەوەش لە بەرنامە نییە كە جەنگ هەڵگیرسێت، بەڵكو ئامانجە گەورەكە ئەوەیە جەنگ روو نەدات و بە رێی دیپلۆماسی چارەسەری خاڵە ناكۆكەكان بكەن”.
Back to top button