بەنگلادیش… دەزگای خێرخوازیی بارزانی بنكەیەكی تەندروستی بۆ لێقەوماوانی بوڕما دەكاتەوە

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەنگاوێكی نوێ و نێودەوڵەتیدا، بنکەیەکی تەندروستی بۆ پەنابەرانی موسڵمانی رۆهینگیا لە بەنگلادیش دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پەنابەرانی رۆهینگی بۆرما لە شاری کۆکس بازاڕ لە بەنگلادیش، كە بووەتە ماڵی نزیکەی یەك ملیۆن پەنابەر، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد، لە بەدواداچوونەکاندا کێشە و گیروگرفتەکانی پەنابەرانی موسڵمانی بۆڕما لە ناو کەمپی کوتوپالۆنگی شاری کۆکس بازاڕ لە بەنگلادیش دیاری کران و بڕیار درا بنکەیەکی تەندروستی لە کەمپەکە بکرێتەوە.

کێشەی تەندروستی لە کەمپی کوتوپالۆنگ مەترسی لەسەر ژیانی 700 هەزار پەنابەری دانیشتووی کەمپەکە دروست کردووە، ئەم بنکە تەندروستیە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی مێد گڵۆباڵەوە بۆ پەنابەران لە کەمپەکەدا دەکرێتەوە.

لەم بنکەیەدا پشکنین و چارەسەری تەندروستی پێشکەشی پەنابەرەکان دەکرێت و هەوڵ دەدرێت لە رووی تەندروستیەوە ئاسایشی ژیانی پەنابەرەکان دڵنیایی زیاتری هەبێت و رۆژانە چارەسەر و پشکنین بۆ 500 نەخۆش دەکرێت.

هەر لە میانی پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی پەنابەرانی رۆهینگی بۆرما لە بەنگلادیش، خوانی بەربانگ لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پێشکەش بە بەشێک لە پەنابەرەکان کرا.

کەمپی کوتوپالۆنگ لە وڵاتی بەنگلادیش دەکەوێتە سنووری بۆڕما و زیاتر لە 700 هەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێیە و گەورەترین پەناگەی پەنابەرانە لە سەرتاسەری جیهاندا.

گەورەترین کێشەکان لەم کەمپەدا لە سێکتەری پاکوخاوێنی و تەندروستیدایە، لە 60٪ ئاوی کەمپەکە پیسە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت و رێژەی نەخۆشیە قورس و مەترسیدارەکان یەک جار بەرزە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین رێکخراوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق هاوکاری گەیاندووەتە ئەم کەمپە.

 

Back to top button