ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: رێککەوتنی یەکێتی و ڕاکان جبوری جێگای قبول نیە

دوی ئەوە ئەندامێکی یەکێتی بەبێ ئاگاداری لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگا، لەبری لیستەکە وژۆیان بۆ مانەوەی ڕاکان جبوری وەک پارێزگاری کەرکووک تا کاتی هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد، لیستی برایەتیی كەركووك و ئەندامانی تری ئەنجوومەنی پارێزگاكە، نووسراوێكی فەرمیان ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، تێیدا ئەو ئیمزایانەیان بە درۆ خستووەتەوە كە بە ناوی ئەوانەوە لەسەر ڕێككەوتننامەیەكی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك كراوە.

بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست (خواکوڕک) كەوتووە، 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە لە ئەندامانی لیستی برایەتیی كەركووك و پێكهاتەكانی تر پێك هاتوون، لە نووسراوەكەیاندا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، دووپاتیان كردووەتەوە كە ئەو نووسراوەی رۆژی 17.4.2019 بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك، گوزارشت لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و لایەنە سیاسییەكانی ناكات، بەڵكو ئەوانەی ئیمزایان كردووە، تەنها نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن و لەلایەن كەسەوە ڕێگەیان پێنەدراوە، ئەم بابەتەش لە نێوان لایەنەكانی كەركووكەوە نەخراوەتەڕوو و باسی لێوە نەكراوە، بۆیە ئەوان هەموو ئەو بابەتانە رەت دەكەنەوە كە لە نووسراوەكەدا هاتووە.

 

جێی باسە لە نووسراوەكەدا بابەكر سدیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكە لەسەر لیستی یەكێتی، بە ناوی سەرۆكی لیستی برایەتییەوە ئیمزای كردووە.

دووپاتیشیان كردووەتەوە كە یاسا ڕێگە بەوە نادات راوێژكار و بریكار بۆ پارێزگاكە دەستنیشان بكرێ، تەنها لە ڕێگەی ئەنجوومەنەكە نەبێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ٤١ کورسیە و لیستی برایەتی ٢٦ کورسی و لیستی تورکمانی ٩ کورسی و لیستی عەرەبی ٦ کورسییان ھەیە.

 

لەناو لیستی برایەتیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانی ھەیە کە ١١ کورسیە، یەکێتی ٨ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ٣ کورسی، ھاوکات مەسیحییەکانیش کە لەناو لیستی برایەتیین ٣ کورسیان ھەیە.

جێی باسە پێشتر ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە بەشداری یەكێتی، بە ناوی نەتەوەكانیانەوە، بە شێوەیەكی نهێنی رێككەوتنیان بۆ مانەوەی راكان سەعید كردبوو لە پۆستی پارێزگاری كەركووك، لەگەڵ دابەشكردنی پۆستەكانی دیوانی پارێزگا.

 

 

 

 

Back to top button