فراکسیۆنە کوردستانیەکان داوای پێکهێنانی لێژنەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤۰

 

لەگەڵ ئەوەی دوانزەساڵ بەسەر دوا وادەی جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤۰ تێپەڕیوە کەچی تا ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ئامادەی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوریە نین، لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، لیستە كوردستانیەكان لە بەغدا داوای پێكهێنانی لیژنەی ماددەی ۱٤۰ یان كردووە، هەوڵدەدرێت لەداهاتوودا ئەو مادە دەستورییە بكەوێتەوە سەرپێی خۆی.

جەمال شكور پەرلەمانتاری پارێزگای كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، هەرچەندە لە ساڵی ۲۰۱٤ەوە هیچ بودجەیەك بۆ مادەی ۱٤۰ دیاری نەكرابوو لیژنەش بۆ ئەومەبەستە پێكنەهێنراوە، بەڵام توانیمان لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بڕی 50 ملیار لە بودجەی گشتی عیراق دیاری بكەین بۆ ئەو ماددە دەستورییە، ئەوەشی گوت: “هەرچەندە ئەو بڕە پارەیەش كەمە بۆ دجێبەجێكردنی قۆناغەكانی مادەی ۱٤۰ی دەستوری عیراق بەڵام دەتوانرێت چەند قۆناغێكی پێ جێبەجێبكرێت”.

ئەم پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی:” لەم هەفتەیەدا فراكسیۆنە كوردستانیەكان داوایانكردووە لیژنەی مادەی ۱٤۰ پێكبهێنرێتەوەو لەداهاتووش لیژنەكە دەستبەكارەكانی دەكات و هەوڵدەدرێت كاركردن بەو ماددە دەستورییەی عیراق بخرێتە سەر پێی خۆی و كاری جدی لەسەر بكرێت.

Back to top button