ڕێبوار تاڵەبانی: چاوەڕێی پارتی و یەكێتی دەكەین.. حەشد و داعش دەستیان تێدایه
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی و پارتی دەكەن. ئاماژەشی دا، سووتاندنی گەنمی جووتیارانی كورد، دەستی داعش و حەشدی شەعبییشی تێدایە.
رێبوار تاڵەبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه: دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەردەوام بڕیاری نایاسایی دژی ناوچە كوردستانییەكان دەدرێت و ھەر بڕیارێكیش دوای ئەو كاتە بدرێت، یاسایی نییە، چونكە ئەنجوومەن لەوێ ئامادەیی نییە، بۆیە بڕیارەكان یاسایی نین و باتڵن.
تاڵەبانی گوتیشی: “سووتاندنی گەنمی جووتیاران، تەنھا لە كەركووك نییە، بەڵكوو لە چەندین شوێنە و دەنگۆی ئەوە ھەیە جگە لە داعش، دەستی بازرگانانیشی تێدا بێت، بۆ ئەوەی بازاڕ قۆرخ بكەن بۆ خۆیان و باس لەوە دەكرێت كە لە سنووری كەركووك، حەشدی شەعبییش لەگەڵ داعش دەستی لە سووتاندنی گەنمی جووتیاراندا ھەیە، بۆیە چەند خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوەش كرد، پارێزگاری كەركووك تا ئێستا دەوامی نەكردووە لە پەرلەمان و پێویستە بچێت دەوام بكات، چونكە ناكرێت پەرلەمانتار بێت و كاری پارێزگاریش بكات، لەبەر ئەوە پەرلەمانیش كەمتەرخەمە و پێویستە بانگھێشتی بكات و سەرەڕای كاری نایاسایی، نەچووەتە پەرلەمانیش دەوام بكات.
دەشڵێ: بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببێتەوە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی و پارتی دەكەین، بەڵام ھەر چۆنێك بێت، پێویستە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكرێت، یەكەم كاری ئێمەش لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەبێت و ھێزی سەربازی دەردەكرێت و دواتر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەكانی پارێزگار دەبێت.