بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان دەبڕێت
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تا تاقیكردنەوەكان تەواو دەبێت ڕۆژانە سێ سەعات هێڵی ئینتەرنێت دەبڕێت.
سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ پۆلە كۆتاکان تەواو بووە و ڕۆژی یەكشەم تاقیكردنەوەكان دەست پێ دەكات.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە زیاتر گوتی، لەگەڵ وەزارەتی كارەبا هاوئاهەنگی كراوە بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان و وەزارەتی ناوخۆ لایەنی تەناهی لە ئەستۆ دەگرێت و لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێوەندیمان هەیە بۆ ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە.
زیاتڕ ڕوونی دەكاتەوە، ڕۆژانی تاقیكردنەوە سێ سەعات هێڵی ئینتەرنێت دەوەستێت واتا لە سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ، بۆ ئەمساڵی خوێندن زیاتر لە 112 هەزار قوتابی بەشداری تاقیكردنەوەی پۆلەكۆتاكان دەكەن لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان و ڕۆژی دووشەم تاقیكردنەوەی ناكۆتاكانیش كۆتایی هات.