گۆڕان: هەرچی لە كەركوك رووبدات ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی یەكێتییە
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران رای دەگەیەنێت، ئەو دۆخەی ئێستە لە كەركووك دروست بووە بەهۆی یەكێتییەوەیە و هەرچی بەرانبەر هاووڵاتییە كوردەكانی ئەو ناوچانە دەكرێ ئۆباڵەكەی لە سەر یەكێتیە.
نەسرەدین مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك كارێكی خراپە و لە بری چاككردنی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزی دەكات، چونكە رێككەوتن لەگەڵ عەرەبێكی شۆڤێنی كراوە كە دژی كوردە و هەرچی خراپ بێت لەگەڵ كورد دەیكات لەو ناوچانە.
مهحمود زیاتر ڕوونیشی كردەوە كە ناكرێت لایەنێكی سیاسی لەگەڵ شۆڤێنیەك رێككەوتن بكات كە رۆژانە دەستی هەیە لە پێشێلكاری بەرانبەر كورد و خەڵكی ئەو ناوچەیە، لە كاتێكدا دەبوو كۆ دەنگی دروست بكرایە و ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ بكەینەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی سەربەخۆ بۆ كەركووك هەڵبژێرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، راكان جبووری چەندان كاری خراپی بەرانبەر كوردی ئەو ناوچانە كردووە و رێككەوتنی لەو شێوەیە واتە بەردەوام بوون لەسەر كار و خراپەكان و سووتاندنی دەغڵودانی هاووڵاتییان. بەپرسەكەی گۆڕان گوتی، یەكێتی دۆخێكی دروستكرد لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر كە جارێكی تر خەڵك نائومێد بوو.