هاشم سیتەیی: پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتوون
جێگری بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلە رایگەیاند، ئەوان و هێزە عێراقییەكان لەسەر هاوئاهەنگی و دابینكردنی ئاسایشی رۆژئاوای دیجلە، رێككەوتوون.
هاشم سیتەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاندووه: “لە رێگای بارەگای سەربازیی سەرۆك بارزانی لە سحێلا، سەرۆكی هۆز و كەسایەتییەكانی عەرەب و كورد، چەندین داواكارییان گەیاندە سەرۆك بارزانی، سەرۆكیش بەڵێنی پێ دان هەموو ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات و كاریش بۆ پاراستنی خەڵكی ئەو ناوچە بكرێت، وەك چۆن پێشتریش هاوكاریی خەڵكی ئەو سنوورانەی كردووە”.
سیتەیی دەشڵێ، هەر بە هەوڵی سەرۆك بارزانی، رێگای سحێلا و زوممار كرایەوە و ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی جموجۆڵ و هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا زیاتر بێت.
گوتیشی: “ئێمە و فیرقەی ١٥ی هێزە عێراقییەكان، دەربارەی چەندین خاڵی سەربازی و پەیوەست بە ژیانی خەڵكی ناوچەكە رێككەوتووین، یەكەم هەنگاویش كردنەوەی رێگای سحێلا و زوممار بوو، دواتریش هاوئاهەنگی دەكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵی داعش و پڕكردنەوەی هەر بۆشاییەكی ئەمنی لەم ناوچەیەدا هەبێت”.