مەلا بەختیار: هۆشداری دەداتە بەرپرسانی کورد لە بەغدا
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هۆشداری دا بەرپرسانی کورد لە بەغدا و رایگەیاند ئەگەر کاربەدەستانی كورد لە بەغدا لەسەر تەعریبی نوێ هەڵوێستیان نەبێ، هیچ جیاوازیەكیان لەگەڵ تەها محێدین مەعروف نابێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە مەلا بەختیار لەبەردەم كۆمەڵێك كەسایەتی سنووری كۆیە و دەوروبەریدا، رەخنەی لە بارودۆخی ئێستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گرت كە پرۆسەی تەعریبی تێدا دەست پێكردووەتەوە، باسی تەعریبی نوێ و سوتاندنی دەغڵودانی كوردانی ناوچەكەی كرد.
لە بەشێكی قسەكانیدا كە ماڵپەڕی چاودێر گواستوویەتیەوە، مەلا بەختیار لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تەعریبەوە رەخنەی توندی لە بەرپرسانی كورد لە بەغدا گرت و بە تەها محێدین مەعروف وەسفی كردن و گوتی “بە بەرچاوی حكومەتی عێراقی، بە قافڵەی چەك و بیكەیسی دێن و بە رۆژی رووناك لەبەردەم تەلەڤزیۆنەكان، بە جوتیاری كورد دەڵێن خواحافیز بڕۆن ئەمە هی ئێمەیە… دەبوو ئێمە كورد لە یەكەم چركەساتی سەرهەڵدانەوەی تەعریبی نوێ، هەڵوێستێكی بەرپەرچدانەوەی توندمان هەبێ. ئێستە قسەم ئەوەیە ئایا ئەم جموجۆڵە كەمەی كورد هەیەتی بەرانبەر ئەو تەعریبە، بەسە؟ پێموایە ئەم جموجۆڵە ئەبێ، ببێت بە پرۆژەیەكی گشتگیری نەتەوەیی، ببێ بە پرۆژەیەكی گشتگیری سیاسی، ببێ بە پرۆژەیەكی گشتگیری یاسایی، لە پەرلەمانی عێراق، لە پەرلەمانی كوردستان، لە حكومەتی كوردستان و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە كاربەدەستی ئێمەن لە بەغدا، هەموو ئەمانە دەبێ باش باش بزانن، لەسەر تەعریبی نوێ هەڵوێستیان نەبێ، بێگومان هیچ جاوازیەكیان لەگەڵ تەها محێدین مەعروف) و ئەوانەدا نابێ!”.
جێی باسە تەها محێدین مەعروف كوردێكی بەعسی بوو، لە ساڵی ١٩٧٥ەوە تاكو ٢٠٠٣ جێگری سەدام حوسێنی دیكتاتۆری لەسێدارەدراوی عێراق بوو، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە كورد كۆمەڵكوژ كرا و كیمیایی پێداكرا و دەربەدەر كرا، تەها محێدین مێشێكی میوان نەبوو.