وردەکاری میحوەری مقاوەمەی بەرەی ئەمەریکا لە دژی ئێران 

راپۆرتی شیكاری:ته‌نیا كوردی

ئەمەریکا سێ میحوەری گرینگی رووبەڕووبوونەوەی ئێرانی لە ناوچەکە داناوە کە ئەمانەن:
یەکەم، میحوەری ئیقلیمی: بەرەی خەلیج لە سعوودیە و ئیمارات راستەوخۆ لەژێر چاودێری وردی هەواڵگری ئیسرائیلی کە سەرجەم جوڵەی مەوقیعی ئێران لە دەرەوەی ئێران بە وردی دیاری کراون، تەواوی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە.
دووەم: میحوەری نێوخۆیی: لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبناندا کە چوار دەوڵەتی شوێنی میحوەری مەوجی تەشویشی ئێرانن بۆ سەر بەرەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین، لەنێو خۆیی ئەم وڵاتانە ئالیەتی رووبەڕوونەوەی ئێران بە وردی هێڵی بۆ کێشراوە، بەنمونە :

 

لە عێراق، رووبەڕووبوونەوەی حەشدی شەعبی خراوەتە خشتەی لێدانی گورزی نێوخۆیی و ئاسمانی، چونکە مەوقیعی دیالە و واست و قائیم و هەندێ ناوچەی جیوگرافی بەغدا و تەنانەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، خراونەتە خشتەی لێدوانی گورزی ئیسرائیلی و بەرەی ئەمەریکا لە خەلیج کە لەگەڵ هەر جوڵەیەکی ئێران حەشدی شەعبی لەو شوێنانە گورزی بەردەکەوێ و بەدوورنازانرێ کە راپەڕینی جەماوەریشی لە دژ بەرپابکرێ بەگوێرەی تایبەتمەندی ناوچەکە، بەنمونە لە ئەنبار و قائیم و مووسڵ، بەرەی سوونە بە نهێنی رێکخراوتەوە و بەشێک لێی چەکدارکراوە بۆ راپەڕین دژی حەشدی شەعبی، لە ناوچە کوردستانییەکان لە خانەقینەوە بگرە تاوەکوو شنگال، لەگەڵ هەر رووداوێک و پێشهاتێک هێزی بەدیل هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی ناوچەکە کە ئەم شوێنانە نزیکترین هێزێک بەزوویی لە ئەگەری هەر رووداوێکدا پێشمەرگەیە کە بەبێ ئەوەی فیشەکێک بتەقێنی لەکاتی چۆڵکردنی شوێنەکان لەلایەن حەشد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی، لەگەڵ سەرجەم ئەو هێزانەی کە لەلایەن پێکهاتەکان و هێزی عەرەبی تابعی کوردستان و هەروەها مەسیحی و ئێزدی و گروپاتی تر کە لەم شوێنانەدا هەن بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکان و جگە لەوەی کە سوونەکان لە ناوچەکانیان شۆڕشی خۆیان بەرپا دەکەن.
سێیەم: میحوەری دەولی، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی گەورە بۆ رووبەڕوونەوەی ئێران بە شەرعیەتی ئاسایشی دەولی و هەروەها هەماهەنگی بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ و هەروەها ناتۆی سێبەر لە وڵاتانی خەلیج کە پێدەگوترێ ناتۆیی ناوچەکە.

 

رێکارە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا

-بۆڵتن و پۆمپیۆ چەندین دیکۆمێنتیان دەستکەوتووە بۆ ئەوەی شەڕی ئێران سەرەتا بخەنە نێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئێران تاوانی دەولی لە ناوچەکە ئەنجام داوەو سنووری سیادی وڵاتانی پێشێل کردووە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێ کە شوێنی مووشەکەکانی بالیستی ئێران لە عێراق بدرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی دەولی کە ئەمە رێک پێچەوانەی یاسایی ئەنجوومەنەکەیە کە ئێران دەستوەردانی کردووەتە نێوکاروباری عێراق و ئەم وڵاتەی ئامادە کردووە کە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی تەشویشێک بۆسەر ئاسایشی خەلیج و ئیسرائیل.
-ئەمەریکا توانی لەوە سەرکەوتووبێ کە سعوودیە و ئیمارات بەتەواوەتی بۆ کاردانەوەی سەربازی ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە رێگەی بەرپابوونی جەنگی بەرەی ئەمەریکا لە خەلیج لەگەڵ ئێران، ئەمەریکا شەرعیەتی تەواوی جیهانی وەربگرێ کە بەرامبەر ئێران بجوڵێ.
-ئامانجی یەکەمی ئەمەریکا بچوکبوونەوەی ئێرانە لە دەرەوەی ئێران، چونکە رێرەوەی دابەشبوونەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەبێ مەترسی ئێران لەسەر ئەم رێرەوە لاببرێ و ئیدی بە ئاشتی بێ یان جەنگ دەبێ ئێران مەیدانەکە چۆڵ بکات.

 

دۆسیەکانی جەنگ لە دژی ئێران

-لێدان لە حەشدی شەعبی لە عێراق بە تەواوەتی بە ئیسرائیل سپێردراوە و مقاوەمەی ئاسمانی لەدووری هەزاران کیلۆمەتری بۆ دانراوە کە لەگەڵ هەر تەشویشێکی ئێران لە عێراق بۆسەر ئاسایشی خەلیج و ئیسرائیل، گورزی ئاسمانی گەورە بە حەشدی شەعبی دەکەوێ.
-وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەئاشکرا بە عێراقی گوتووە کە ئەگەر بێت و رێگە بدەن بنکەی مووشەکەکانی ئێران لە عێراق بە جێگیری بمێنێتەوە و دابنرێن، ئیدی ئەمەریکا ئەو بنکانە دەکاتە ئامانج.

سەرنج-لەگەڵ تەواوی نەخشەی مقاوەمەی بەرەی ئەمەریکا لە دژی ئێران، لە سێبەردا کەناڵی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران دانەخراوە، بەڵام ئەگەر ئێران بە گفتوگۆ یان جەنگ کامەی هەڵبژێری ئیدی بچوکبوونەوەی ئێران لە دەرەوەی ئێران کۆتایی پێهاتووە و ئیدی گفتوگۆکان لەسەر ئەوەن کە ئایا رژێمەکە بە تەواوی بگۆڕێ یان هەر بچووکبوونەوەی ئێران بێ لە دەرەوەی ئێراندا.

Back to top button