تەواوی زانیاریەكانی ئەمرۆی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا دەبێت

خواكوڕك

نێچیرڤان بارزانی لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە وەزیرەكانی راگەیاندووە،”پێویسته‌ هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كان، ئه‌ویش به‌ ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كان، به‌ جۆرێك كه‌ ببێته‌ هۆی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی داهات، نه‌ك ته‌نیا پشت به‌ داهاتی نه‌وت و گاز ببه‌سترێت و بتوانرێت داهاتیان به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ جیا له‌ دابینكردنی خه‌رجی خۆیان، هاوكاریی حكوومه‌تیش بكه‌ن و سێكته‌ره‌كانی كشتوكاڵ، بازرگانی، پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهاتی گشتی”.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2016 بە سەرپەرشتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دا.

لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا (ڕابەر سەدیق) بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە خستەڕوو و تیایدا باسی لە بەردەوامیی پرۆسەكە كرد بە مەبەستی تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێپتەمبەر كە لە وەزارتی كاروباری پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستی پێكردووە.

دواتر (كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت، پوختەیەكی دەربارەی ڕەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەی كە لە دەوروبەری مووسڵ تێیدان و دواپێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش پێشكەش كرد. لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران سەركەوتن و قارەمانێتییەكانی پێشمەرگەی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكانی تیرۆرستانی داعشدا بەگشتی، بەرز نرخاند.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە هەنگاوەكانی كاری كۆمپانیای وردبینیی دیلۆیت كرا بۆ وربینیكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان و گشت خەرجییەكانی ئەم بوارە، كە لە هەفتەی ڕابردوو یەكەم كاری وربینیان پێ ڕاسپێردرا و دەستیان بە كارەكانیان كردووە.

لە بڕگەیەكی دیكەی بەرنامەی كۆبوونەوەكەدا (پەخشان زەنگەنە) سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان میوانداری كرا بۆ پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك دەربارەی پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان لە 2016 تا 2026، كە پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كرابوو و بە هەماهەنگیی دامەزراوەی یەكسانیی ڕەگەزی و بەهێزكردنی توانای ئافرەتانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئامادە كرابوو، تیایدا بە وردی تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان و پلان و ستراتیژی داهاتوویان و، ئامانجی ستراتیژەكەیان كە خۆی لە بەرزكردنەوی توانای ئافرەتان و سودوەرگرتن لە توانای ژن و یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەبینێتەوە. داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كە پاڵپشتیان بن لە جێبەجێكردنی ستراتیژەكەیان كە سودی باشی بۆ ئافرەت و كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان بەگشتی دەبێت.

دوای ئەوەی وەزیرە کان چەند سەرنج و تێبینییەكیان لەسەر ستراتیژەكە پێشكەش كرد، ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و گشت وەزارەتە پەیوەندیارەكان كرد كە هاوكاربوون بۆ ئامادەكردنی ئەم ستراتیژییە. لای خۆشیەوە سەرۆكوەزیران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم ستراتیژیە دەربڕی و ڕایگەیاند كە هەوڵی جیددی دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئافرەتان و جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان، هەروەها داوای لە هەموو وەزارەتەكانیش كرد پاڵپشتی ئەو ستراتیژییە بكەن بۆئەوەی ڕووێكی جوانتری كۆمەڵگەی كوردستان دەربارەی ئافرەت، پیشانی جیهان بدەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی دەربارەی پاڵپشتیكردنی پرۆسەكانی چاكسازی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشكەش كرد و، تیایدا باسی لە ڕێكخستن و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و ڕێكخستنەوەی هەیكەلی وەزارەت و كەمكردنەوەی میلاكات و بە ئەلكترۆنیكردنی سیستەمی كارەكانی وەزارەتی شارەوانی كرد.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا كە بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتووە، توانیویانە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2015 تا 2016 بە بڕی سەد ملیارد دینار خەرجی وەزارەت و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت كەم بكەنەوە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ هاوسەنگكردنی خەرجی و داهات بە شێوەیەك كە وەزارەتەكەیان بتوانێت لە داهاتوودا بەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت، خەرجیی خۆیان دابین بكەن.

دوای خستەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێك لەسەر ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و گفتوگۆكردنی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە، ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشی لە وەزیر و ستافی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.

 

Back to top button