کورد لە بەرەی ئەمەریکا یان ئێران دایە؟ … بەشی چوارەم

 

راپۆرتی شیكاری: ته‌نیا كوردی

به‌شی چوارەم

هەڕەشەکان بۆسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ئەگەری هەر بارگرژییەکی جیددی هەمان مەسافەی هەیە، چەندە روانگەی ئەمەریکا لە عێراق سەرکەوێ زیاتر سوونەیەکی بەهێز لە ناوچەکە دەردەکەوێ کە ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی کوردستان، هێندەی تریش مانەوەی ئێران دروستکردنی بەرەیەکی میلیشیایی بەهێز دێنێتە سەر سنووری کوردستان کە دووبارە جێگەی مەترسین..مەترسییەکانی داهاتووی کورد لە ناوچەکەدا ئەمانەن:
یەکەم: بەهێزبوونی سوونە ئەگەر بێت و سوونەکان نەبنە هەرێمێکی سەربەخۆ زیانی زۆریان بۆسەر ئاسایشی کوردستان دەبێ.
دووەم: بەهێزبوونی شیعە ئەگەر بێت و نەبنە هەرێمی سەربەخۆ دووبارە هێزی میلیشیاییان وەک ئەوەی ئێستا هەیە لێی دروستدەبێتەوە و دەبنەوە مەترسی بۆسەر ئاسایشی هەرێم.
سێیەم: بەهێزبوونی مەرکەزیەتی عێراق ئەگەر بێت و سیستەمی فیدراڵی نەچەسپێ ئەوا خۆ هەڵواسین بە بنەما دەستوورییەکانی عێراق تەوقیتێکی کاتییە و ئەم دەستوورە لە کۆتاییدا جارێکی دیکە فڕێ دەدرێ.
چوارەم-کردنەوەی هێڵی نەوتی عێراق-تورکیا کە ئامانج لێی سوقتی نەوتی کوردستانە لەگەڵ داهاتووی غازی سرووشتی کوردستان.

مەدخەلی یەکەم
………………
کورد تا ئێستا بەو مەسافەی کە لە ئەمریکا نزیکە توانیویەتی تەوازنێکیش رابگرێ بە هەمان مەسافە لە ئێران خۆی بە نزیک بزانێ، چونکە تێکدانی ئەو تەوازنە زیانی سیاسی گەورەی بۆسەر ئاسایشی کوردستان دەبێ، نیەتێک هەیە کە دەڵێ کە بەردەوام لە جەنگدابی باشترە لەوەی کە بە ئاشتی هەموو مقاوەمەی جەنگ بدۆڕێنی، قەدەری ئێمەی کوردوایە بەردەوام لە جەنگی سەربازی بگرە تاوەکوو جەنگی سیاسی و ئابووری داین، جەنگ لێرە تەنیا بە مەفهومی هێرشی سەربازیی نا، بەڵکوو لە جەنگی ئابووری بگرە تاوەکوو جەنگی جێگیربوون لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە و حسابکردن بۆ بوونی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا. کورد بە ریفراندۆم چووە جەنگێکی ئابووری و سیاسی و سەربەخۆیی، بۆیە پێویستە بواری جەنگین فراوانتر بکات، راستە ئێمە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر لە زۆر خاڵدا شکستمان هێنا، بەڵام لە خاڵێک سەرکەوتین کە فراوانکردنی مقاوەمی کوردستانی بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان کە سەرچاوەکەی لە ریفراندۆم بوو، بەم خاڵە جارێکی دیکە پێناسەی تموحی کورد کرایەوە لە رۆژهەڵاتی ناوین کە کورد سەربەخۆیی دەوێ، بەم هەنگاوە کورد بە جیهانی گوت کە کورد لەبەرەی خۆیەتی نەوەک لەبەرەی هیچ وڵاتێکی ناوچەیی یان دەولی.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، کورد ئەگەر بچێتە بەرەی ئەمەریکا راستە دەتوانێ دەستکەوتی کاتی هەبێ، بەڵام لە کۆتاییدا دەچێتە بەردەم جەنگێکی سیاسی و ئابووری گەورە لەبەردەم سوونەدا کە پشتگیری بەهێزیان لەلایەن دەوڵەتی حوکمڕان سوونە هەیە، بۆیە باشترین نیەتێک بۆ کورد کارکردنییەتی لە ئێستا بۆ ئەوەی بەرلەوەی بەو رۆژە بگات لە تێکۆشان دابێ کە هەرێمێکی سوونە لە ناوچەکەدا دروستببی، بە دروستبوونی هەرێمی سوونە ئیدی مەترسی سوونە لەسەر هەرێمی کوردستان لە داهاتوو نابێ.
سەبارەت بە خاڵی دووەم: دووبارە کورد دەبێ هەوڵی زۆر بدات بۆ ئەوەی بتوانێ رۆڵبگێڕێ لە دروستکردنی هەرێمێکی شیعە چونکە دروستبوونی هەرێمێکی شیعە دووبارە مەترسی شیعە لەسەر کورد ناهێڵێ.
ئەگەر کورد لەم دووخاڵەدا توانی سەرکەوتووبێ ئەوا خۆی مەرکەزیەتی عێراق کە خاڵێ سێیەمە لاوازدەبێ و عێراق بەرەو فیدراڵییەت دەچێ و بە دابەشبوونێکی تەدریجی هەرێمەکان بەرەو دەوڵەت بوون دەچن و دابەشبوونی عێراق دەبێتە واقع.

سەبارەت بە خاڵی چوارەم، دروستکردنی بۆڕی نەوتی عێراق-کەرکووک لە دەروەی هەرێمی کوردستاندا کورد دەبێ رێگربێ لەو خاڵە چونکە چانسێک هەیە کە ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی ئابووری رووسیا و ئەمەریکا نییە، بۆیە دەبێ کورد لە ئێستادا هەوڵی دۆزینەوەی رێرەوی بەدیلی نەوت و غاز لە دەرەوەی تورکیا بدات، بەنمونە رێگەی سووریا یانیش هەماهەنگی لەگەڵ سووننەکان بۆ رێگەی ئەنبار..بۆیە پێویستە کورد بۆ بە هەرێمبوونی عێراق هەوڵبدات بە تایبەت دوو هەرێمی نوێی وەک سوونە و شیعە، راستە ئەمە پێوەندی بە بواری دەولی هەیە، بەڵام هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە کارتی خۆی هەیە کە زەمینەی دروستبوونی هەرێمی نوێ لە عێراق برەخسێنێ کە دواجار ئەم هەرێمانە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو دەوڵەت بوون دەچن.

Back to top button