پەرلەمانی كوردستان هەوالێكی میدیای یەكێتی بەدرۆ دەخاتەوە

دوای ئەوەی میدیای فەرمی یەكێتی دەنگۆی ئەوەی بڵاو كردەوە كە توركیا سەردانیكردنی ئەو وڵاتەی لە مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان قەدەغە كردووە و بانگەشەی ئەوەشیان كرد كە پێكهاتەی توركمانی ناوبراو بە نوێنەری خۆیان نازانن. پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا، هەواڵەكەی بەدرۆ خستووەتەوە و ئاشكرای كردووە كە هۆكاری قەدەغەكردنی گەشتی توركیا لە مونا قەهوەچی، بۆ بەشداریكردنی ناوبراو لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە.

ئەمەش دەقی ڕوونكردنەوەكەیە:

سایتی (PUKMEDIA) لە رۆژی ٢٠١٩/٥/٢٢، ھەواڵێكی لەژێر ناوونیشانی (سەردانی توركیا لە مونا قەھوەچی قەدەغە دەكرێت) بڵاوكردۆتەوە، كە تێیدا گوایە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە پێیان راگەیەندراوە، مونا نەبی قەھوەچی، سەردانیكردنی توركیای لێ قەدەغە كراوە و ناتوانێت بچێتە ئەو وڵاتەوە، ھەروەھا توركمانەكان لە ھەرێمی كوردستان لەمەودوا بەنوێنەری خۆیانی نازانن و پەیوەندییان پێیەوە نەماوە، ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنین كە ئەو ھەواڵە دوورە لە راستییەوە دوورە و لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاو دەكەینەوە:

١ – قەدەغەكردنی سەردانیكردنی بەڕێزیان پەیوەندیی بە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە ھەیە كە بەڕێزیان ئەندام بووە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم.

٢ – مونا نەبی قەھوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، كاندیدی فراكسیۆنە توركمانییەكان بووە و بەدەنگی ٥٩ پەرلەمانتار لەدانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ٢٠١٩/٢/١٨، لەسەر پشكی پێكھاتەی توركمان بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردرا.

٣ – سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە توركمانەكان ئێستا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵیدا ھەیە و بەردەوامە و بەنوێنەری خۆیانی دەزانن لەو پۆستەدا.

پەرلەمانی كوردستان

٢٣ی ٥ی ٢٠١٩

Back to top button