سەرۆكی فراكسۆنی پارتی: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەنگ بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەدات
دوای ئەوەی پارتی دیموركراتی كوردستان لەگەڵ هەر یەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتن لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەنگ بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەدات.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: “هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەواو بووە، ئامادەكاریی سیاسی و یاسایی و، ڕێكاره یاسایییەكان لە كاتی خۆیاندا جێبەجێ دەكرێن. ئێمەش چاوەڕوانی بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانین كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەكات، بۆیە به دڵنیایییەوە له ناوەڕاستی حەفتەی داهاتوودا لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بوونەوە بۆ ئەم پرۆسەیە دەكرێت و، بانگهێشتی ئەندامان دەكرێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت.”
لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی بەرنامەی پرۆسەكەوە، ئومێد خۆشناو گوتی: “هیچ بەربەستێكی یاسایی و سیاسی نابینین و هەموو ئامادەكارییەك تەواو بووە و پرۆسەكە بەپێی یاسای بەركار بەڕێوە دەچێت و بە شێوەیەكی ئاشكرا دەنگ دەدرێت بە ئەو كاندیدانەی مەرجەكانیان هەیە و لە چوارچێوەی یاسا و ئامادەكارییەكاندا ڕێكارەكان دەگیرێنە بەر و پرۆسەكە له كاتی خۆیدا بەڕێوه دەچێت .”
ڕاشیگەیاند، “بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی كراون و ئەو ڕێككەوتنانەی هەن، جارێكی تریش تەئكید دەكەینەوە، نێچیرڤان بارزانی، كاندیدی ئەو هێزانەیە كە ڕێككەوتنمان كردووە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و تەواوی ئەو هێزانەی كە ڕێككەوتنمان هەیە لە پێكهێنانی حكوومەت و تێگەیشتنمان هەیە كاندیدی هەموومانە و زۆریش لەو لایەنانە خۆیان ڕایانگەیاندووە بەڵێ كاندیدی ئەوانە و بەپێی ئەو ڕێككەوتنەش بێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە زیاتر لە 90 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەست دێنێت”.
پەیوەست بە پرۆسەی دەستبەكاربوون و سوێندنخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ئومێد خۆشناو گوتی: “لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی دەنگدانەكە بەڕێوە دەچێت و بۆ ڕۆژی دەستبەكاربوون و سوێند خواردنیش كاتەكە دیاری نەكراوه، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕووداوە وەكو خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و بۆ ئەو ڕۆژە نوێنەری وڵاتان و سەركرده سیاسییەكانی عێراق و كوردستان بانگهێشت دەكرێن”.