توركیا كڕینی نەوتی لە ئێران راگرت
دوای ئەوەی ئەمریكا سزاكانی زیاد كرد لەسەر ئێران, ئەمریكا داوای كرد كە وڵاتانی جیهان ئیدی نەوت لە ئێران نەكڕن, پاش پابەندی چەند وڵاتێك ئەمڕۆ بەرپرسێكی حكوومەتی ئەنكەرە لە چوارچێوەی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ڕاگرتنی كڕینی نەوتی لە حكوومەتی تاران راگەیاند.
لە میانی سەردانەكەی یاوز سەلیم بریكاری وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ واشنتن، بەرپرسێكی یاوەری ناوبراو رایگەیاندووە كە وڵاتەكەیان پابەندی سزاكانی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران، بۆیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە كڕینی نەوتیان لە ئێران راگرتووە، ئەگەرچی بڕیارەكەشیان بە دڵ نەبووە.
ئەو بەرپرسە توركیەی یاوەری یاوز سەلیمە بۆ واشنتن، بە CNBCی ئەمریكی راگەیاندووە كە ئەنكەرە خۆی بە هاوپەیمانێكی ستراتیژیی واشنتن دەزانێ، بۆیە ڕێز لە سزاكانی واشنتن بۆ سەر ئێران دەگرێ و پابەندی دەبێت.
جێی باسە ئەمریكا ڕێپێدانی بە هەشت وڵات دابوو كە تا رۆژی 2ی ئایار دەیانتوانی مامەڵە لەگەڵ ئێران بكەن، یەكێك لەو وڵاتانە توركیا بوو، بەڵام لە سەرەتای ئایارەوە ئیتر ڕێپێدانەكە كۆتایی هات.