لەرێگای تەلەفۆنەوە وەزیری بەرگری ئەمریكا چی بەبارزانی گوت

خواكوڕك

لە راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-11-2016 ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد.

بەپێی راگەیێندراوەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمریكا خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند بەبۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها پێزانینیشی بۆ ئاستی باشی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستاندا”.

بارزانی و كارتەر جەختیان لە بایەخ و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تایبەت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانی ئازادكردنی موسڵ و دەرووبەری ئاڵۆگۆڕ كرد و، قۆناخەكانی ئۆپەراسیۆنەكە هەتا ئێستا بە سەركەوتوو وەسفكراوە.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارزانی سوپاسی گەل و حكومەت و سوپای ئەمریكای كرد، كە لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی پێشمەرگە بوونە و هیوای سەركەوتنی یەكجارەكی لە بەرانبەر تیرۆریستان خواست.

Back to top button