ناسر هەرکی: گەیشتووینەتە ئەنجامی كۆتایی.. پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە خانەقین
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەیەكی تایبەت بە رەوشی خانەقین لە پەرلەمانی عێراق سەردانی شارۆچكەی خانەقینی كرد، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێ، رەوشی خانەقین لە ھەموو روویەكەوە خراپە و راپۆرتێك ئامادە كراوە و تێیدا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ ناوچەكە كردووە.
ناسر یووسف، سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ كێشەكانی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: “بە ھۆی ئاڵۆزییەكانی رۆژانی رابردووی سنووری قەزای خانەقین، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری رەوانەكردنی لیژنەیەكی دەركرد بۆ شارۆچكەی خانەقین، كە بەندە سەرۆكی لیژنەكە بووم و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەردانی خانەقینمان كرد، ئێمە نایشارینەوە ھاووڵاتیانی سنووری خانەقین لە رەوشێكی خراپدان لە ڕووی دابینكردنی خزمەتگوزاری و ھیچ متمانەیەكیشیان بە حكوومەتی عێراق نەماوە”.
ناوبراو دەشڵێت: “جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، رەوشی ئەمنیی خانەقین ناسەقامگیرە، لەبەر ئەوەش پێویستە رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ھێزێكی نوێی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكەوە قەزای خانەقین بپارێزن و مەلەفی ناوشاریش بدرێتە دەست پۆلیس”.
یووسف روونیشی كردەوە: “لە سەردانەكەماندا، بە راشكاوی ئەوەمان بە فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق راگەیاند، كە شوێنی ئەوان ناو سەنتەری شارۆچكەی خانەقین نییە، بەڵكوو پێویستە سوپا و حەشدی شەعبی بچنە دەرەوەی خانەقین”.
ناسر یووسف، هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد: “ئێمە لەگەڵ رێكخراوەكان و پێكھاتەكانی خانەقین و ئیدارە گەیشتووینەتە ئەنجامی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی گرژییەكانی خانەقین و پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، راپۆرتێكیشمان بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادە كردووە لەبارەی داواكاریی گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییكردنەوەی رەوشی خانەقین”.