نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی دوو مانگی رابردوو دابەزی
نرخی نەوت لە ماوەی هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆرسە بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و نزمترین نرخی لە دوو مانگی رابردوو تۆمار كرد.
سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بریتی بوو لە سەرووی 72 دۆلار بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا بە 69 دۆلار و 22 سەنت داخرا.
پێویستە بگوترێت دوێنێ هەینی لە دوایین رۆژی هەفتەبازارەكە نرخی نەوت كەمێك هەڵكشا ئەگەرنا زۆر لەمە زیاتر دابەزیبوو . سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بۆ 67 دۆلار و 50 سەنت دابەزی.
بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی تەكساسیش بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و سەرەڕای ئەوەی كە سەرەتای هەفتەكە هەر بەرمیلێكی بە سەرووی 63 دۆلار دەفرۆشرا كەچی دواجار بە 59 دۆلار و دوو سەنت داخرا.
نرخی نەوت دوای ئەوە دابەزی كە چین هەڕەشەی لە ئەمەریكا كرد بەشێك لە كاغەزە داراییەكانی قەرز دەفرۆشێت. ئەمەریكا سەرووی شەش تریلیۆن دۆلار لە چوارچێوەی مامەڵەی كاغەزە داراییەكان قەرزدارە كە لەو برە سەرووی تریلیۆنێك و 200 ملیار دۆلاری لە دەستی چیندایە، چین دەیەوێ لەم رێگایەوە بڕێكی زۆری دۆلار بۆ وڵاتەكەی راكێشێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراوی فەرمی چین. ئەم هۆكارە لە پاڵ بەرزبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.