شەرعیەتی کەرکووکییەکان و گەڕانەوەی پێشمەرگە – بەشی پێنجەم

 

راپۆرتی شیكاری – تەنیا كوردی

بەشی پێنجەم

عێراق وەک دەوڵەتێکی پڕ لە بۆشایی ئەمنی، دەرفەتێکی گەورە لەدەستدەدات ئەگەر دەرفەت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە نەدات، چارەنووسی کەرکووک پێوەندی بە دانوستانی دووەمی نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەک، خێرابوونی رووداوەکانی ناوچەکەیش لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لەو لاترەوە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بێدەنگی خەڵکی کەرکووکە ئەوانەی لەوێ نیشتەجێن کە جموجۆلێکی وایان نییە کە ئاماژە بۆ شەرعیەتی کوردستانییەتی کەرکووک بدەن، تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمیی جورئەتی سیاسی ئەوەیان نەکردووە کە داگیرکاری و هێزە عێراقییەکان رەتبکەنەوە، زیاتر دەنگی ئەو کوردانە بڵندە کە شوێنەکانیان چۆڵکرد و شەرعیەتیان نەدایە داگیرکاری، یانیش بەشێکی کەمن لەو کوردانەی لەوێدا کە دژی داگیرکاری هەڵوێستیان هەیە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێک لە کوردان لە کەرکووک شەرعیەتیان دایەوە گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەنگیان پێدانەوە، ئەم شەرعیەتدانە گەورەترین زەنگی مەترسییە لەسەر بیروهۆشیاری کەرکووکییەکان کە بێدەنگ بن لە ئاست گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکاری حەشد و هێزەکانی دیکەی عێراقی.
کێشەی کەرکووک پێوەندی گەوری بە رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەیە، گروپێک لەوێدا ماون کە خەریکی بازرگانیکردنن، خەڵکی ناوچەکەیش بەدیارەوە دانیشتوون و تا ئێستا هەڵوێستێکی گەورەیان نیشان نەداوە کە زیاتر پشتی هەرێمی کوردستان بگرن لەوەی کە چۆن پێشمەرگە بگەڕێتەوە یانیش لانی کەم بە خۆپیشاندانێک داگیرکاری پاریزگاری سەپێنراو رەتبکەنەوە یانیش هیچ نەبێ وەفایەک بۆ پارێزگاری پێشوویان بنوێنن کە داوای بکەنەوە.
ئەگەر ئەو دیمەنە لە ناوچەیەکی وەک زاخۆ یانیش سۆران، یانش هەر ناوچەیەکی دیکە بووایە و داگیرکاری بەو شێوەیە بووایە، ئەوا خەڵک خۆی خەڵتانی خوێن دەکرد، بەڵام ئامادە نەدەبوو داگیرکاری ئەوەندە لەوێ درێژە بکێشێ، بۆیە دەرکەوت کە گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە شێوەیەکی تەدریجی کاری لەسەر لاوازکردنی خەڵکی کەرکووک کردووە و ئیرهابی فکری لەوێ گەشەپێداوە، ئەگەر وانەبێ کارەساتە کە تا ئێستا لە کەرکووک دەنگ بۆ ئەوە هەڵنەبڕێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بەشێک لەو کوردانە دەبوو ئێستا سەیری چارەنووسی شارەکەیان بکەن و بڵێن بۆچی دەبێ شەرعیەت بۆ داگیرکاری و گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بێ؟ بۆیە بەر لەوەی کە گلەی لە هەرێمی کوردستان بکەن پێویستە گلەیی لە هەڵوێست و رەفتاری خۆیان بکەن لە هەڵبژاردنی پێشوو کە ئاخۆ چۆن دەستیان گرت دەنگ بۆ ئۆکتۆبەرییەکان هەڵبڕنەوە.
راستە هەوڵێکی جیددی لە نێوان شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە بۆئەوەی چۆن و بەچ میکانیزمێک پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک، پێوەندی دیپلۆماسی نێوان هەولێر لەگەڵ وڵاتانی پێوەندار بە ناوچەکەش سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بەردەوامی هەیە، بەڵام لێرە پێویستە خەڵکی کەرکووک ئەو پرسیارانە لەخۆیان بکەن کە ئایا پێویستە چی بکەن؟ ئایا شایەنی ئەوەن پێشمەرگە بیانپارێزێ لەکاتێکدا کە ئەوان شەرعیەت بە گروپێک دەدەن کە کەرکووکیان بەو رۆژە گەیاند؟ بۆیە سەرەتا دەبێ داواکاری جیددی لەوخەڵکە دەستپێبکات نەوەک بە بیانووی بوتڵە غازێک و لیترێک بەنزین کە نرخی هەرزانترە لەجاران خۆیان لە داگیرکاری بێدەنگ بکەن، من لەوە دڵنیام کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەو خاکە بێدەنگ نابێ و پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی چ بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتی بێ، یانیش رووداوەکانی داهاتوو کە خۆی دەستی پێشمەرگە دەگەرێنێتەوە کەرکووک، بەڵام بەر لەو رووداوە پێویستە کەرکووکییەکان ئەوانەی کە تا ئێستا بێدەنگن ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن کە ئایا بۆچی هێندە بێدەنگن و شەرعیەت بەبێدەنگی دەدەنە گروپێک کە چارەنووسی شارەکەیانی بەو رۆژە گەیاند، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەم داگیرکاری و هەمیش داوای وەدەرنانی گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەن کە لە فرۆشتنی کەرکووکەوە بوون بە گروپێکی بازرگانیکردن بە کەرکووک.

Back to top button