بە ڤیدیۆ: د. سەید ئەحمەد بەرزنجی: سوتاندنی گەنمی جوتیارانی كورد و تەعریبی كورد لە كەركووك و خانەقین بەرهەمی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەرن
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان بە تایبەت سنوری خانەقین و كەركووك, رێژەیەكی بەرفراوانی زەوی هاونیشتمانیانی كورد كە كرابوونە كشتوكاڵ سوتێندران, ئەمە جگە لەوەی پرۆسەیەكی چڕی تەعریب بەڕێوە دەچێت, مامۆستایانی ناسراوی ئایینیی شاری هەولێر ڕای گەیاند، ئەو تەعریب و گەنم سووتاندن و وەدەرنانەی كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە.
بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە (خواكوڕك) لە ماینەی هەواڵە بڵاوی دەكاتەوە, لە وتاری دوێنێ هەینی 24ی ئایاری 2019، د. سەید ئەحمەد بەرزنجی، مامۆستای ئایینی، ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو تەعریبەی لە ناوچەكانی كەركووك و خانەقین و پەلكانە و شوێنەكانی دیكەی سنووری ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت، هەروەها ئەو گەنمەی جووتیارانی كورد دەسووتێندرێت، لەگەڵ ئەو خوێنانەی دەڕژێندرێن و ئەو پرۆسەیەی بۆ وەدەرنانی كورد لە زێدی خۆیان دەستی پێ كردووە، كارێكە لە شێوەی بەعسی كۆنە و كاری میلیشیای لە بەعس خراپترە.
سەید ئەحمەد بەرزنجی بە ڕاشكاوی دەڵێت: ”لە جیاتی جەژنانە، تەعریبمان دەكەن، ئێشەكە ئەوەیە كە ئەمە بەروبوومی تاڵ و تفتی دەستی ئەو خائینە كوردانەیە كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا كەركووكیان فرۆشت و تائێستا ئێمە تاڵاوەكەی دەچێژین“.
هەر لەو وتارەیدا مامۆستا ئایینییەكە باسی لە ڕەفتاری موسوڵمان و فەرموودەكانی پێغەمبەری ئیسلام لەبارەی دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و زیانگەیاندن بە خەڵكی بێتاوان دەكات.
لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە تاوەكوو ئێستا، بەچەندان شێوە و لە چەندان ئاراستەوە، هەڵمەتێكی چڕ بۆ وەدەرنانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.