راگەیاندراوێك لە دەزگای ئاسایشی كوردستان
خواكوڕك
لە راگەیاندراوێك دا كە ئاراستەی سەرجەم میدیاكانی كوردستان كراوە، دەزگای ئاسایشی كوردستان باس لە ئۆپەراسیۆنێكی دەكات كە لە سەر سنوری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدراوە تێدا رایدەگەێنن كە چەند تیرۆرست كوشتووە و دەستیشیان بەسەر حەشارگەیەك گرتووە.
دەقی راگەیێندراوەکە
ڕاگەیەندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان
بۆ بەڕێز / سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
بابەت / ڕوونكردنەوە
هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ماوەیەكە بە هاوكاری و هەماهەنگی هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتووە كە چەند چەكدارێكی نامۆ جموجوڵیان هەیە لە سنورەكەدا و دەبینرێن، دوای كۆكردنەوەی زانیاری تەواو چاودێریكردن، بەسەرپەرشتی و ڕێنمایی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەهاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هەڵسان بە كێوماڵكردنی سنورەكە، ئەوەبوو لە ڕۆژی 19/11/2016 لە نزیك ڕووباری سیروان و گوندی بۆین، چەند چەكدارێك دەبینرێ و ڕوبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارەكاندا ڕوودەدات، لە ئەنجامدا دەست بەسەر شوێنی حەشارگەكەیاندا دەگیرێ و چەند تیرۆریستێك دەكوژرێن و بریندار دەكرێن و دەست بەسەر چەندین پارچە چەك و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێك دەكەوێتە بەردەستی هێزەكانی ئاسایش، لەو هەڵمەتەی هێزەكانی ئاسایشدا سێ كارمەندی ئاسایش بریندار دەبن، خۆشبەختانە باری تەندروستیان جێگیرە.
لێرەوە بەباشی دەزانین وێڕا دەستخۆشی و ماندوو نەناسی لە هێزەكانی ئاسایشی شارەزوور و هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی پارێزگا و دەزگاكانی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و هاوڵاتیانی خۆشەویست بكەین كە هاوكار و هەماهەنگی هێزەكانی ئاسایش بوون لەو هەڵمەتەدا، دووبارە سوپاسیان دەكەین، هەروەها دڵنیایی دەدەینە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە هێزەكانی ئاسایش لە بەدواداچوون و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان لە دەست تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەكەمان بەردەوام دەبین و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەم گروپە بەبەڵگەوە بڵاودەكەینەوە، لەگەڵ ڕێزماندا .
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان