جێگری سوپاسالار: ھاوپەیمانان لە مەشقكردن بە پێشمەرگە بەردەوام دەبن
جێگری سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێ، ھاوپەیمانان پلانێكیان بۆ ئەمساڵ داناوە، كە لە سەرەتای ساڵەوە دەست پێدەكات و تاوەكو كۆتایی ساڵ مەشق و راھێنان بە شێوەی جۆراوجۆر بە ھێزی پێشمەرگە دەكەن، بۆیە مەشق و راھێنانكردن بەردەوام دەبێت.
لیوا قارەمان كەمال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “سەنتەرێك ھەیە بە ناوی سەنتەری مەشقی ھاوپەیمانان، كە ساڵانە لە سەرەتای ساڵەوە پلانێك لەلایەن ھاوپەیمانانەوە دادەنرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە دەكەن و مامۆستایانی مەشقەكەش ھی ھاوپەیمانانن”.
بە گوتەی لیوا قارەمان، دوو جۆر مەشق بە ھێزی پێشمەرگە دەكرێت، جۆرێكی بە شێوەی كۆمەڵە و جۆرێكی دیكەش بە شێوەی تاكە، بۆیە ئەوان كە بەرنامە بۆ مەشق و راھێنان دادەنێن، بۆ ساڵێك دەبێت و لە سەرەتای ساڵیشەوە دەستی پێكردووە و تا كۆتایی ساڵ بەرنامەكە بە تەواوی جێبەجێ دەكرێت.
جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، پێداویستیی مەشق و راھێنان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دابین دەكرێت و تەنھا مامۆستا و راھێنەرەكان لە ھاوپەیمانانن.