بەیاننامەی پارتی بۆ ساڵیادی شۆڕشی گوڵان
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چل و سێهەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا بەیاننامەیەكی راگەیاند كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چل و سێهەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا
جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
ئەندام و لایەنگرانی تێكۆشەری پارتیمان
پێشمەرگە قارەمانەكان
ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵاندا تێدەپەڕێ، ئەو شۆڕشەی خەونی داگیركەر و دوژمنانی خستە چاڵ و سەلماندی كورد نابەزێ و لە پیلان و گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی بەهێزترە.
چوار ساڵ دوای رێكەوتننامەی یازدەی ئازار و ئەوكاتەی رژێمی بەعس خۆی لە پابەندییەكانی رێكەوتنەكە و مافە رەواكانی كورد و كوردستانییەتی كەركوك دزییەوە، سەركردایەتی پارتی و شۆڕشی كوردی ناچار كرد لە نێوان رازیبوون بەو واقیعە تاڵە و دووبارە رووكردنەوە چەك و چیا، رێی دووەم هەڵبژێرێ و بە پشتیوانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان درێژە بە شۆڕشی ئەیلول و داكۆكی لە مافە رەواكانی گەلەكەی بدات، ئەوە بوو رژێم لەبەردەم زەبری پێشمەرگە و شۆڕشدا خۆی نەگرت و پەنای بردە بەر پیلانگێڕی و لە رێككەوتننامەی شومی (جەزائیر) دەستی لە بەشێك لە خاك و ئاوی عێراق بەردا بەرامبەر بەو گەلەكۆمەكیەی لە شۆڕشی كورد كرا، لەسەرینی ئەو پیلانە شومەوە شۆڕشی ئەیلول توشی نسكۆیەكی كاتیی هات بەڵام بێ ئەوەی تەسلیم بە ئیرادەی دوژمن بێت. شۆِڕشگێڕان توشی ئاوارەیی و ئاستەنگ و تەنگانەیەكی سەخت بوون، دوژمن وایزانی بەو پیلانە شومە كۆتایی بە شۆِڕش و بەرخۆدانی كورد هێناوە و دەیویست پێكی سەركەوتن بنۆشێ، بەڵام هێندەی نەبرد و لە ماوەیەكی پێوانەییدا كە قەت بە خەیاڵی داگیركەران و پیلانگێڕاندا نەدەهات، پارتی لە بری ئەوەی خۆی لە بەرپرسیاریی بدزێتەوە، دوبارە خۆی سازدایەوە و لە بیست و شەشی گوڵانی ١٩٧٦ و لە چیاكانی كوردستانەوە دووبارەهەڵگیرسانەوەی شۆڕشی جاڕدایەوە و سەنگەرەكانی بەرگریی ئاوەدان كردەوە و نەیهێشت خۆشی و نەشئەتی سەركەوتنی دوژمنان درێژە بكێشێ.
هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كە شۆڕشی میللەتێكی خاوەن قەزیەی رەوا، نە بە ئاگر و ئاسن و نە بە پیلان و گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی و نە بە نكوڵی و فشار خامۆش ناكرێ، پارتی و رێبازی بارزانییش ئەو پارت و رێبازە نین كە بەو فشار و هەڕەشە و دوژمنكارییە كۆڵ بدەن و گۆڕەپان چۆڵ بكەن و رێگە بدەن سەودا بە مافەكانی كوردەوە بكرێت. سەرهەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاكە رێگای چارەسەری دۆزی كورد دانپێدانانی مافە نەتەوەییەكانی ئەو میللەتەیە تا دەگاتە مافی رەوای دیاریكردنی چارەنووس.
شۆِڕشی گوڵان وەك درێژە پێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلول و ئامانجەكانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی رەواندەوە كە لە نسكۆدا هاتەئاراوە، بووە دەسپێكی قۆناغێكی دیكەی خەباتی كوردایەتی كە سەرباری ئاستەنگ و كێشە و بێشەكان، توانی ئەو خەباتە رەوایە درێژە پێبدات تا پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و كۆبونەوەی هەموو هێزە سیاسیەكان لە دەوری یەك ئامانج و ئەوەش بووە هەوێن و داینەمۆی راپەرینی پیرۆزی ساڵی ١٩٩١ ، كە ئاسۆیەكی نوێی لەبەردەم گەلی كوردستاندا كردەوە. دواجار گەلی كوردستان سەربەرزانە و لەسەر خاكی خۆی دەسەڵاتی دیموكراسییانەی میللی خۆی دامەزراند و كۆی ئەوانەش كە پیلانی جەزائیریان لە گەلی كورد و شۆڕشەكەی گێڕا، نابووت بوون و لە لایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگون كران.
ئەمڕۆ كە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە، گەلەكەمان قۆناغگەلێكی دوور و درێژ بڕیوە و دەیان هەوراز و نشێوی دیكەی تێپەڕاندووە و چەندین لوغم و پیلانی دیكەی پوچەڵ كردۆتەوە و دوبارە لە ئایندە و ئاسۆیەكی گەش دەڕوانێ. پارتی كە ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكیەی لێكرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتی گەل حزبی ژمارە یەكی عێراق و كوردستانە، هەڵوێستە سیاسییەكانی و خۆڕاگری و دیفاعی مەردانەی لە خاك ومافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگە و ئیعتباری لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوادانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ریزەكانی نێوخۆشی وایكردووە ئەهلی ئەو پڕكێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتی خەبات و ئاواتەكانی گەلەكەمان بێت.
لە كاتێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە، بە قارەمانێتی پێشمەرگە و بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی، كوردستان شەڕی تێكشكاندنی داعشی بە پیرۆزی گەیاندووە و بە بەشداری و دەنگی بەڵێی سەدی نەوەت و سێی گەل، ریفراندۆمی سەرخستووە و ئەو سزا و قەیران و لەشكركێشی و هەڕەشانەشی پاشەكشەپێكردووە كە شۆڤێنیزم و خائینان بۆ لەنێوبردنی قەوارەی كوردستان پەنایان بۆ برد، بە بڕوای پۆڵایینەوە دوبارە بەرەو كوردستانێكی بەهێز هەنگاو دەنێین، بەرەو كاراكردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەكانمان و دامەزراندنی حكومەتێكی بەهێز و سەرتاسەری كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی كوردستان وەك هەمیشە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر و باشتر ببات. ئەوەش پێویستی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە. ئەو یەكریزییەی كە پارتیمان زۆرترین نەرمی لە پێناودا نواند تا دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی سەرخست. ئەو یەكریزییەی رێگەی دروستی بەهێزكردنی پێگەی كورد و كوردستانە لە هەلو مەرجی نوێی عێراقدا و رێگەی بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەكانمان، بە تایبەت پاش ئەوەی دەركەوت چەوتەرێی تاكڕەوی و پشتكردنە شەراكەت و تەوازون و تەوافوق نەك هەر هیچ كێشەیەكی عێراق چارەسەر ناكات، بەڵكو ئەو ووڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات. هەر ئەو باوەڕەش بوو وایكرد عێراقییەكان لە دوا هەڵبژاردندا سزای ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییە بدەن و لە دەسەڵاتیان دوور بخەنەوە.
لەم یادە پڕشكۆیەدا جارێكی دیكە پابەندیی خۆمان بە هاوپەیمانیەتی و گیانی بەرپرسیاریەتی و گوتاری هاوبەش و هاوكاری لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دووپاتدەكەینەوە. مكوڕین لەسەر دامەزراندنی حكومەتێكی بەهێز و سەرتاسەری كە بتوانێ چاكسازی و خۆشگوزەرانی و عەدالەت و ئەمنیەت و ئازادییەكان و یاساسەروەری درێژە و پەرە پێبدات و لە ئاستی خۆزگە و ئاواتەكانی خەڵكدا بێت.
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، بەڵێن بۆگیانی پاكی شەهیدان نوێدەكەینەوە كە درێژەپێدەری رێبازەكەیان بین كە رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسكەوتانەی، كە بەرهەمی خوێنی بە نرخی ئەوانە.
درود بۆ گیانی پاكیان و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان دەنێرین. سڵاو بۆ یادی ئەو تێكۆشەرانەی سەرقافلەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕش بوون…
گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و كۆی خەڵكی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان كە بە جوامێری و لە سایەی سەری ئەواندا كوردستان و پارێزراو و سەربەرز و ئارامە…
هەزاران درود و سڵاو بۆ رۆحی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو…
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان