بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە دەستی پێكردەوە
دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە وەشتێنرا, پاش چوار ساڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات رەزامەندی دراوە لەسەر پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
بەپێی راگەیاندراوێكی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە هاتنەوەی رەزامەندی كراوە بۆ پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە.
لە دەقی راگەیاندراوەكەدا هاتووە: “دوای ماوەیەك چاوەڕوانی و هەبوونی گرفت لە رێنماییەكانی پلە بەرزكردنەوە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابووریی و شەڕە داسەپاوەی داعەشەوە، دواجار پلە بەرزكردنەوە دەستی پێكردەوەو، له یەكەم بڕیاریشدا لیستی پلە بەرزكردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی 2016 گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە، لیستەكە وەك خۆی رەزامەندی لەسەردراوە و چاوەڕوان دەكرێت بە زووترین كات پەخش بكرێت”.
پێشووتر د.غازی دزەیی، بەڕێوەبەری گشتی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەدیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بوو، ئێستا پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە لە ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، گوتی: “پاش دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئێستا پلە بەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێ دەكرێت و پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە”.
بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بە گوێرەی پلەكانیان لە نێوان 3 بۆ 4 ساڵ، تا دەگاتە 6 ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.