شیرین ئامێدی: پڕۆژەیەكی ستراتیژیمان داوەتە لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێدا
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی چوارساڵەیان داوەتە لایەنی بەشدار لە كابینەی نوێ و ئەوانیش بە ئەرێنی وەریانگرتووە. هاوكات دەشڵێ، پڕۆژەكەیان تەنیا تایبەت بە ئافرەتان نییە، بەڵكو سەرجەم بوارەكانی لەخۆ گرتووە.
شیرین ئامێدی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاندووه، ئەوان وەكو گرووپی ئاشتیی ئافرەتانی سەركردە، سێیەمین كۆنفرانسی خۆیان بەستووە و، گفتوگۆیان لەسەر دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە وەك خۆی ئاماژەی پێ دا، قۆناغێكی نوێ و هەستیارە، بەو پێیەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاو لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆییش بە هەمان شێوە، هەربۆیەشە وەك ئامێدی ئاماژەی بۆ كرد، داوایان لە سەرجەم لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێ كردووە، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكەن.
ئامێدی جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەوان وەكو پارتی ئەركێكی زیاتریان لە چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادی لەسەرشانە، هەروەك خۆیشی ڕوونی كردەوە، مێژوو و كاری داهاتووی پارتیش گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، كە هەمیشە هەوڵی داوە جیاوازیی ڕەگەزی لە بەشداریی حزب، یان حكوومەت نەمێنێت، ئەویش بە پەیڕەوی حزب و بە كردەوە نیشانی ناوخۆ و دنیای دەرەوەشی داوە، نەك تەنیا بەس درووشمی هەبووبێت.
ناوبراو ئەوەیشی نەشاردەوە، كە وەكو گرووپی ئاشتیی ئافرەتانی سەركردە، ناوە ناوە كۆبوونەوە و كۆنفرانسی خۆیان دەكەن و پڕۆژەش ئاڕاستەی لایەنەكان دەكەن، ئەویش لەبەر ئەوەی هەر ڕووداوێك لە كوردستان ڕوو بدات، ئەوانیش وەكو ئافرەتان شانبەشانی لایەنەكان مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن، هەربۆیەشە ئێستا پڕۆژەیەكی چوارساڵییان داوەتە لایەنە سیاسییەكان، گوتیشی: “پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و ئەجێنداكەی لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ڕۆشنبیری و كەلتووری و ئابوورین، كە نەك هەر ئافرەتان، بەڵكو سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردستان تێیدا سوودمەند دەبن، پڕۆژەكەش بەو مانایە دێت، كە لەسەر بنەمای توانا و پسپۆڕی، ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان بەشداری ناوەندی بڕیار بن لە سەرجەم ئەو بوارانەی باسم كردن”.
شیرین ئامێدی، نەیشاردەوە، كە سەردانی هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیان كردووە و، ئەو پڕۆژە ستراتیژییە چوار ساڵییەیان لەگەڵیاندا تاوتوێ كردووە و ئەوانیش بە ئەرێنی پڕۆژەكەیان وەرگرتووە، هەروەها گوتوویانە، كە ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلی كوردستانە، بەو پێیەی تایبەت نییە بە توێژێكی كۆمەڵگە.
ناوبراو ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنێت، كە هەمیشە پاڵپشتی ئافرەتان بووە و هەوڵی بەشداریپێكردنی ئافرەتانی لە بوارە جیاجیاكاندا داوە، نموونەیشی بە سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی كوردستان هێنایەوە، كە لە مێژوودا تۆمار دەكرێت، تاكە شوێنە ئافرەت بكرێتە سەرۆكی دەزگایەكی گەورە و كاریگەری وەك پەرلەمان، گوتیشی: “هەر شاندێكی نێودەوڵەتی چاویان بە سەرۆك بارزانی كەوتبێ، دەستخۆشییان لێ كردووە، كە بوونەتە نموونەیەكی جوان لە ناوچەكەدا بۆ وەها بڕیارێك و دانانی ئافرەتێك بە سەرۆكی پەرلەمان”.