د. بەشیر حهداد : هۆشداری دهدات ئهگهر كێشەى ناوچە كوردستانیەكان زوو كۆنترۆڵ نەكرێ كێشەی گەورەتری لێ دەكەوێتەوە
ماوەیەكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە، سووتانی بەرھەمی گەنمی جووتیاران بووەتە دیاردە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت، ئەو پرسەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق باس كردووە. دەشڵێت، گرینگ ئەوەیە ئێستا بیر لە چارەكردنی بارودۆخەكە بكەینەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. بەشیر حەداد رایگەیاندووه، پێویستە حكوومەتی عێراق بە زوویی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات و ئاگاداری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك بكاتەوە، كە ئەو ئیجرائەتە نایاساییانەی دەیكات بەرامبەر بەو خەڵكە كوردنشینەی لەو ناوچانەدا هەیە و هێنانی عەرەبی هاوردە رابگرێت، ئەمانەی كە دەكرێت كاری نایاسایین و دیمۆگرافیای ناوچەكە تێك دەدات.
حەداد راشیدەگەیەنێ، كە ئەو بارودۆخەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق باس كردووە، “بەڕێزیانمان ئاگادار كردووەتەوە، كە حاڵەتێكی نەخوازراو هەیە، ئەم حاڵەتەش ئەگەر زوو كۆنترۆڵ نەكرێ، ئەوا كێشەی گەورەتر و خراپتری بۆ كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان هەروەها بۆ عێراقیش لێ دەكەوێتەوە”.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشی وایە، كە پێویستە ئەو ناوچانە بە هێزێكی هاوبەشی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و هێزی پێشمەرگە بپارێزرێن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، ئەوا سەقامگیری و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، چونكە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە تاكە رێگای چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانە.